رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی پلان و بودجەی وەزارەتی دادی تورکیا دا رووی دەمی کردە وەزیری داد و گوتی: "بەڕێز وەزیر! دەمیرتاشی خۆشەویست، رێک 3 هەزار و 300 رۆژە لە ژوورەوەیە [زیندان]. ئێمە بە ئێوە دەڵێین ئەگەر لەم وڵاتەدا دادگە هەیە، ئەوەتا بڕیاری دادگەی دەستووری هەیە کە دەڵی ئازادی بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت. ئەو بەڵێننامە نێودەوڵەتییانەی ئێوەش تێدا ئەندامن، دەڵێ ئازادی بکەن. کەچی نایکەن".
سرری ساک، پەرلەمانتارەی دەم پارتی بابەتەکەی بە پرۆسەی چارەسەرییەوە گرێدا و گوتی: "ئێستا بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕین، ئێوە دەڵێن لەگەڵ ئێمەدا ئاشت دەبنەوە و لەگەڵ کورد بەڵێننامەیەکی نوێ واژۆ دەکەن. کەچی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداخەکان کە خۆشەویستی کورد و تورکن، بەند دەکەن. بەخوا ئەوەش هیڵی سووری ئێمەیە، ناحەقی مەکەن، ئەو هاوڕێیانەمان تەنیا سیاسەتیان کرد و هیچ پەیوەندییەکیان بە تووندوتیژییەوە نییە".
ساکک هەروەها باسی دووریی گرتووخانەی دەمیرتاشی لە ئامەد کرد کە خانەوادەکەی لەوێ دەژین و گوتی:"ژن و منداڵەکانی، خانەوادەکەی هەموو هەفتەیەک، واتا 950 رۆژ دەرۆنە دیداری ئەو؛ لە دیاربەکرەوە بۆ ئەدیرنە. ئێستا با ئێمە خۆمان لە شوێنی ئەوان دا دابنێین، بۆ نموونە ئێمە لە ئەدیرنەوە ببەنە شرنەخ، ماڵ و منداڵ تاوانیان چییە؟"
سرری ساکک هەروەها باسی ئەو تۆمەتانە کرد کە دراونەتە پاڵ هاوڕێیانی و جەختیکردەوە کە ئەوان سیاسەت و کاری خۆیانیان کردووە، نەک شتێکی دیکە.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016وە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ