رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە رووسیا سێ مانگی دەستکردی پەیوەندییەکانی ئێرانی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، کە لە مانگی تەممووزەوە، ئەمە دووەمین هەڵدانی لەو شێوەیە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، مووشەکێکی رووسی لە بنکەی "ڤۆستۆچنی" لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە، مانگە دەستکردەکانی رەوانەی خولگەیەک کردووە کە 500 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.
مانگە دەستکردەکان ناویان پایا، کەوسەر و زەفەر-2ـە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پایا" کە کێشەکەی 150 کیلۆگرامە، قورسترین مانگی دەستکردە تاوەکو ئێستا ئێران رەوانەی خولگەی کردبێت. کێشی "کەوسەر" 35 کیلۆگرامە، بەڵام راپۆرتەکە کێشی "زەفەر-2"ی دیاری نەکردووە.
پێشتر ئەمریکا ناڕەزایی لە بەرامبەر هاوئاهەنگیی نێوان مۆسکۆ و تاران لەم بوارەدا دەربڕیوە چونکە ترسی ئەوەی هەیە، مانگە دەستکردەکان بۆ خزمەتکردن بە بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران بەکاربهێنرێت.
واشنتن هەروەها پێشتر رایگەیاندووە کە هەڵدانی مانگە دەستکردەکانی ئێران پێچەوانەی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشە و داوای لە تاران کردووە هیچ چالاکییەک نەکات کە پەیوەندی بە مووشەکە بالیستییەکانەوە هەبێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
بەڵام وەک میدیای فەرمیی ئێران باسی دەکات، بەرپرسانی تاران دەڵێن، "مانگە دەستکردەکان خاوەنی تایبەتمەندیی وێنەگرتنی ئاست بەرزن و ئامانجیان ئەوەیە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ و ژینگەدا بەکاریانبهێنن."
تەمەنی کارکردنی هەر یەک لەو مانگە دەستکردانە تاوەکو پێنج ساڵە.
رووسیا ناوبەناو مانگە دەستکردەکانی ئێران رەوانەی بۆشایی دەکات، ئەمەش بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەردەخات.
لە مانگی تەممووزدا، مووشەکێکی رووسی مانگی دەستکردی "ناهید-2"ی ئێرانی رەوانەی خولگە کرد، کە ئەوەیان تایبەت بوو بە پەیوەندییەکان.
رووسیا کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 پەیماننامەی "هاوبەشیی ستراتیجی"ی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئیسرائیل و ئەمریکای لە جەنگێکی ئاسمانیی 12 رۆژەدا لە مانگی حوزەیران کردیانە سەر ئێران و نزیکەی هەزار و 100 ئێرانی تێیاندا کوژران، لەنێویاندا فەرماندەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی هەبوون.
سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەست بوون بە بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێرانەوە، لە ساڵی 2023 بەسەرچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ