رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی رووسیا دەڵێ، ڤلادیمیر پووتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە کە رووسیا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا دەکات. ئەم هەڵوێستەش دوای ئەو رووداوە دێت کە مۆسکۆ بە "هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینا" بۆ سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی رووسیا ناوی برد و بە هەوڵێکی تیرۆریستی ناساندی.
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری باڵای ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی دووشەممەدا پووتین زانیاریی وردی لەبارەی هێرشە درۆنییەکە بە ترەمپ داوە و گوتوویەتی، لە ئەنجامی ئەو "کردەوە دووژمنکارانەیە" رووسیا ناچار دەبێت پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی لە دانوستاندنەکان بکات.
بە گوتەی ئوشاکۆڤ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ترەمپ و راوێژکارە باڵاکانی زانیاریی وردیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بە پووتین داوە.
ئوشاکۆڤ گوتی، ترەمپ "شۆک" بووە، کاتێک پووتین وردەکاریی هێرشەکەی ئۆکراینای بۆسەر شوێنی مانەوەی بە ترەمپ گوتووە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، سەرەڕای ئەم رووداوە و نیگەرانییەکانی رووسیا، پووتین بە ترەمپی گوتووە کە دەیانەوێ لەگەڵ ئەمریکا لە کارکردن بەردەوام بن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی ئاشتی.
ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لە رۆژانی 28 و 29ـی کانوونی یەکەم، ئۆکراینا بە بەکارهێنانی 91 درۆنی دوورمەودا هەوڵی داوە شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتین لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد بکاتە ئامانج.
لاڤرۆڤ رایگەیاند، لە رۆژانی 28 و 29ـی کانوونی یەکەم، ئۆکراینا بە بەکارهێنانی 91 درۆنی دوورمەودا هەوڵی داوە شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتین لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد بکاتە ئامانج.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، هەموو درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە بە سەرکەوتوویی خراونەتە خوارەوە و هێرشەکە شکستی پێهێندراوە.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لێدوانێکدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و بە "درۆیەکی ئاشکرا" ناوی برد.
زیلینسکی رایگەیاند، کیێڤ هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشە نییە و گوتی، مۆسکۆ بەم سیناریۆیە هەوڵدەدات زەوینەسازی بکات و پاساو بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانە حکومییەکان و ناوەندە هەستیارەکان لە کیێڤ بهێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ