جیهان
دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو دەکات لە شوێنی حەوانەوەی خۆی (مارلاگۆ) لە فلۆریدای ئەمریکا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنی مانەوەی لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. دۆناڵد ترەمپ گوتی، پێویستە حەماس چەکی لە دەست نەبێت. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشی سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی رووسیاش گرت کە مۆسکۆ دەڵێ، سوپای ئۆکراینا ئەنجامی داوە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. ترەمپ باسی لە چەند پرسێک کرد کە دیارترینیان غەززە، ئێران، ئۆکراینا و ڤەنزوێلا بوون.
پرسی غەززە
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بەو پرسیارەی کەی رێککەوتن لەسەر قۆناخی داهاتووی ئاگربەستی غەززە دەکرێ، رایگەیاند: "رێککەوتن زۆر بە خێرایی دەکرێ، بەڵام پێویستە پێش ئەوە حەماس لە چەک دابماڵدرێ".
ئەو گوتەیەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە هەمان رۆژ گوتەبێژی حەماس رەتیکردەوە چەک دابنی و گوتەبێژەکەی گوتی: "گەلەکەمان بەرگری لە خۆی دەکات و تاوەکو ئەو کاتەی داگیرکاری بەردەوام بێت، چەک دانانێین".
ئێستا گفتوگۆکانی ئیسرائیل و حەماس لەبارەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستن. تەلئەڤیڤ داوای چەکدانانی بزووتنەوەکە دەکات.
ترەمپ: توڕەم لە هێرشکردنە سەر شوێنی مانەوەی پووتین
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لە رۆژانی 28 و 29ـی کانوونی یەکەمدا ئۆکراینا بە بەکارهێنانی 91 درۆنی دوورمەودا هەوڵی داوە شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتین لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد بکاتە ئامانج.
ترەمپ لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی، ئەم بەیانییە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە و ئەو هەواڵەی پێگەیاندووە؛ گوتیشی، "زۆر تووڕەم" لەو هێرشە.
لاڤرۆڤ سەرکۆنەی هەوڵەکەی کرد و گوتی: "کاری بێباکانەی لەم جۆرە بێ وەڵام نامێننەوە" و هێرشەکەی بە "تیرۆری دەوڵەتی" ناوبرد کە ئامانج لێی تیرۆرکردنی سەرۆکی رووسیا بووە. بە گوتەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، درۆنەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لێدوانێکدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و بە "درۆیەکی ئاشکرا" ناوی برد.
ترەمپ: ئێران هەوڵی خۆبەهێزکردنەوە بدات تێکی دەشکێنین
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێرانیش قسەی کرد و رایگەیاند: "گوێم لێدەبێت کە ئێران هەوڵی خۆبەهێزکردنەوە دەدات. ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکات، دەبێت تێکی بشکێنین. تێکی دەشکێنین، بە خراپی تێکی دەشکێنین، بەڵام بەهیوام ئەوە روونەدات".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "بیستوومە ئێران دەیەوێ رێککەوتن بکات. ئەگەر بیەوێ رێککەوتن بکات، ئەوە زۆر ژیرانەترە. ئێران دەیتوانی رێککەوتن بکات پێش ئەوەی هێرشێکی گەورەی بکەینە سەر، بەڵام بڕیاریدا رێککەوتن نەکات".
حوزەیرانی ئەم ساڵ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئەویش وەڵامی دایەوە. جەنگەکەیان 12 رۆژ بەردەوام بوو. پێش کۆتاییهاتنی جەنگەکە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز. بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکەیان توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەنێوبردووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
پێش جەنگەکە، پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەبوون، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. دوای جەنگیش، تاران ئامادە نەبووە دانوستاندنی بێ مەرج لەگەڵ واشنتن بکات و بەرپرسانی دەڵێن، متمانەیان نەماوە کە لە کاتی دانوستاندندا هێرشیان نەکرێتەوە سەر.
ترەمپ لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "قسە لەسەر رووخاندنی رژێم ناکەم. ئەوان کێشەی زۆریان هەیە. هەڵاوسانێکی گەورەیان هەیە. ئابوورییەکەیان داڕماوە. ئابوورییەکەیان باش نییە. دەزانم خەڵک زۆر دڵخۆش نین، بەڵام لەبیرتان نەچێت، هەرجارێک ئاژاوەیەک [خۆپێشاندانێک] دروست ببێت یان کەسێک گرووپێک پێکبهێنێت، بچووک یان گەورە، دەستدەکەن بە تەقەکردن لە خەڵک، خەڵک دەکوژن. ساڵانێکە چاودێری ئەمەم کردووە. ناڕەزایەتییەکی گەورە هەیە. 100 هەزار، 200 هەزار کەس کۆدەبنەوە. لەناکاو، خەڵک دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولـلە. ئەو گرووپەش زۆر بەخێرایی هەڵدەوەشێتەوە".
ترەمپ: هێرشمان کردە سەر کەناراوێکی ڤەنزوێلا کە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری لێبوو
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی ڤەنزوێلای کرد و گوتی: "تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەیەکی ڤەنزوێلا روویدا کە ژمارەیەکی زۆر بەلەمی پڕ لە مادەی هۆشبەری لێبوو؛" ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەلەمەکانیان داوە و لە هەموو بەلەمەکانی دیکەش دەدەن.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا و وەزارەتی جەنگی وڵاتەکە هیچ وردەکارییەکییان لەبارەی هێرشەکەوە ئاشکرانەکردووە، تەنانەت ناوی ئەو ناوچەیەشیان نەهێناوە کە هێرشیان کردووەتە سەر.
لە ئەیلوولی ئەم ساڵەوە ئیدارەی ترەمپ گوشار لە ڤەنزوێلا دەکات بۆ ئەوەی چی دیکە، وەک خۆی دەڵێ، مادەی هۆشبەر لەو وڵاتەوە بە بەلەم نەگەیەنرێتە وڵاتەکەی. ئەمریکا لەو کاتەوە زیاتر لە 20 هێرشی کردووەتە سەر ئەو بەلەمانە لە رۆژهەڵاتی هیندی و دەریای کاریبین و کوژرانی زیاتر لە 100 کەس لەو هێرشانەدا راگەیێندراوە.
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان، لەو کاتەوە ئەمریکا نزیکەی 15 هەزار سەربازی بۆ نزیک لە سنوورەکانی ڤەنزوێلا ناردووە و لەو ناوچەیەی جێگیرکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ