جیهان
وێنەی کریس سمیس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەکاتی قسەکردن بۆ دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان دەڵێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەری ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری، توانای ئەوەی هەبێت بەرگری لە خۆی بکات؛ هەروەها پاڵپشتیی ئەوە دەکات ئیدارەی بایدن سیستمی دژە مووشەکی بە هەرێمی کوردستان بدات.
رۆژی سێشەممە، کریس سمیس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوان [کوردەکان] پێویستیان بەوەیە توانای ئەوەیان هەبێت بەرگری لە خۆیان بکەن."
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گوتی، "ئەو هێرشەی ئەم دواییە کرایە سەر هەولێر هەڕەشە بوو. ئەوان [ئێران] رایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر مۆساد، بەڵام باوەڕم بە هیچ شتێک نییە کە ئەوان (ئێرانییەکان) دەیڵێن. ئەوان کوردیان خۆش ناوێت."
شەوی 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی کوردستان کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی، منداڵێکی 11 مانگی، هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا؛ لە هێرشە مووشەکییەکەدا 16 کەسیش بریندار بوون.
سەبارەت بە دابینکردنی سیستمی دژە مووشەکی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە، کریس ئاماژەی بەوە کرد، پاڵپشتی لە رێکارێکی لەو جۆرە دەکات، "هیوادارم ئیدارەی بایدن ئەوە بکات. مووشەکەکان لە هەموو شوێنێک دەکەونە خوارەوە."
بەگوێرەی یاسای بوجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، پێنتاگۆن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات بۆ ئەوەی لە وەڵامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بەکاری بهێنن.
ئەمریکا لە ساڵی 2014ـەوە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات. ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە سووریا، تێکشکاندنی خەلافەتی داعش راگەیێندرا.
لە کۆتایی ساڵی 2021ـەوە، رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە شەڕکردنەوە گۆڕدراوە بۆ راوێژدان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئێستا، بە گوێرەی پێنتاگۆن، ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نزیکەی 900ی دیکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ