جیهان
"پیاوان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکای لاتین زیاتر روویان لە نەشتەرگەریی جوانکاری کردووە"
رووداو دیجیتاڵ
نەشتەرگەریی جوانکاری لەلای پیاوان لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە، بە تایبەتی لە نێو گەنجانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆنگرەی ساڵانەی پیشەسازیی پزیشکیی جوانکاری لە پاریس بڵاوکراونەتەوە، گەنجان و پیاوان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکای لاتین زیاتر روویان لەو نەشتەرگەرییانە کردووە.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی نەشتەرگەریی جوانکاری (ISAPS) رایگەیاندووە، لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2024، رێژەی نەشتەرگەریی جوانکاری لە نێو پیاوان لە جیهاندا 95% زیادی کردووە. هاوکات ئەو جوانکارییانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی نەبووە (وەک دەرزی لێدان، لێزەر و پاککردنەوەی پێست) 116% بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە.
بۆ ژنان، رێژەی نەشتەرگەرییەکان بەراورد بەو ماوەیە 59% و چارەسەرە جوانکارییەکانی دیکەش 55% زیادیان کردووە.
لە شیکارییەکدا کە لە کۆنفڕانسی (IMCAS) پێشکەشکرا هاتووە: "ئەم ئاراستەیە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین دەردەکەوێت، رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی قبووڵکردنی رێکارەکانی جوانکارییە لەلایەن پیاوانەوە." هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نەوەی (Z) و میلینیالەکان زۆر زووتر لە نەوەکانی پێش خۆیان روو لە پزیشکی جوانکاری دەکەن.
سەرەڕای ئەم بازدانە گەورەیە، پیاوان تەنیا 16٪ـی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە جوانکاری دەکەن.
لۆرێنت برۆنس، شارەزای ئابووری لە (IMCAS) راگەیاند: "ئێمە چووینەتە نێو سەردەمێک کە جوانکاری بووەتە خواستێکی گشتی، لە کاتێکدا 10 بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر تەنیا بە شتێکی تایبەت بە چینی باڵا و دەوڵەمەندەکان دادەنرا."
ئەمریکا گەورەترین بازاڕی جیهانیی بۆ ئەم بوارەی داگیر کردووە؛ بە شێوەیەک لە هەر 100 کەس کە لە جیهاندا نەشتەرگەریی جوانکارییان کردووە، نزیکەی 45 کەسیان لە ئەمریکا بوون. هاوکات ئەو وڵاتە لە پلەی یەکەمی بەکارهێنانی بۆتۆکسیش دایە و 56%ی خواستی جیهانیی بۆ ئەو بابەتە پێکدەهێنێت. پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030، گەشەی ساڵانەی ئەم بوارە لە ئەمریکا بۆ 5% خاو ببێتەوە، لە کاتێکدا لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن گەشەکە بۆ 7% بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ