وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: مافی هاتنی بەرپرسانی ئێران و خێزانەکانیان بۆ ئەمریکا هەڵوەشێندرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا واشنتن دەڵێت، سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بەردەوامە و هەزاران کەس کوژراون، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مافی رۆیشتنی بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەندامانی خێزانەکانیان بۆ ئەمریکا هەڵوەشێندرایەوە.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026 بڕیارەکەی راگەیاند. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکە ئەوانە دەکاتە ئامانج کە "لە ستەمی دڕندانەی رژێمی ئێران سوودمەندن" و جەختی کردەوە کە "ئەو کەسانە پێشوازییان لێ ناکرێت لە سیستمی کۆچبەریی ئێمە سوودمەند بن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا گەلی ئێران بۆ مافە سەرەتاییەکانیان دەجەنگن، مارکۆ روبیۆ لەم هەفتەیەدا هەنگاوی نا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوە و هاتنەناوەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران و خێزانەکانیان بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان."
 
خۆپیشاندانەکان لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری دەستیانپێکرد. لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەشەنەیان سەند و هێزە ئەمنییەکان بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە. ئاژانسى هەواڵى چالاکڤانانى مافى مرۆڤ (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، کوژرانی شەش هەزار و 159 کەسی پشتڕاستکردووەتەوە، کە 5,800ـیان خۆپیشاندەرن و 92ـیان منداڵن.
 
سەرچاوە سەربەخۆکان و هەندێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی راستەقینەی کوژراوان لەنێوان 20 بۆ 36 هەزار کەسدایە، بەتایبەتی دوای ئەو گرژییانەی لە 8 و 9ی کانوونی دووەم لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا. تەنانەت بەرپرسانی ئێرانیش دان بە کوژرانی زیاتر لە 3,000 کەسدا دەنێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە