رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوادارە بتوانێت خۆی لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەدووربگرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە تاران هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بنکە سەربازییەکان و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتاری دەربارەی میلانیا ترەمپی هاوژینی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە گرووپێکی سەربازیمان بەرەو شوێنێک بەڕێکردووە کە پێی دەگوترێت ئێران، هیوادارم ناچار نەبین بەکاریبهێنین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەبووە و پلانیشی هەیە بەردەوام بێت، بەمەش دەرگای بۆ بژارەی دیپلۆماسی واڵا هێشتەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ نەرمتربوو لە هەڕەشەکانی پێشووی کە گوتبووی، "کاتی تاران بەرەو تەواوبوون دەچێت" و هێزێکی دەریایی گەورەشی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، "کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا خاڵی لاوازی جیدییان هەیە و بنکە سەربازییەکانیان لە کەنداو لەژێر مەودای مووشەکە مامناوەندەکانی ئێمەدان."
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران راشیگەیاند، ئەگەر ئەمریکا "هەڵەی وا بکات"، وەک ئەوە نابێت کە ترەمپ وێنای دەکات کە "ئۆپەراسیۆنێکی خێرا بکات و دوو کاژێر دواتر لە تویتەر بنووسێت ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات."
لە کاتێکدا گرژییەکان لە لووتکەدان، یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوێکی دیکەی نا و سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپێشاندەران لە ناوخۆی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ