سوپای ئیسرائیل: لە رەفەح سێ چەکدارمان کوشتن

30-01-2026
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، هێرشیان کردووەتە سەر "هەشت تیرۆرست" و سێ کەسیان لێ کوشتوون. 
 
رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، سوپاکە رایگەیاند، "هەشت تیرۆرستی" دەستنیشانکردووە کە لە دەرچەیەکی ژێر زەوییەوە دەرکەوتوون و هێزی ئاسمانی "بۆردوومانی کردوون و سێ تیرۆرستیانی لەناوبردووە".
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای هێرشەکە، هێرشی دیکەش کراون بۆ سەر ژێرخانی ئەو ناوچەیە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەربازەکان بە پشتیوانیی یەکە ئەندازیارییەکان بەردەوامن لە پشکنینی ناوچەکە بە مەبەستی دۆزینەوە و لەناوبردنی هەموو تیرۆرستەکان و تێکدانی هەر ژێرخانێکی تیرۆرستیی دیکە".
 
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانیان "بەپێی رێنماییەکانی رێککەوتنی ئاگربەست لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە و بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر سەربازەکانمان و ئاسایشی ئیسرائیل".
 
رەفەح، دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە، چونکە دەروازەیەکی سنوورییە لەگەڵ میسر و تاکە رێڕەوە لەنێوان کەرتی غەززە و جیهانی دەرەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا نییە. 
 
ئەم دەروازەیە کەناڵێکی سەرەکیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە و دەبووایە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست، بەڕووی هاووڵاتییانی غەززە بکرابایەوە. 
 
ئاگربەستەکەی غەززە، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی وەکو قەتەر و میسر کرا، زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هەردوولا یەکدیی بە پێشێلکاریی تۆمەتبار دەکەن.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، واشنتن رایگەیاندبوو ئاگربەستەکە چووەتە قۆناخی دووەمی جێبەجێکردنیەوە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنانێکی هەمیشەییە بە جەنگ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا

فرێدریش مێرتس: هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ جەنگی ئێران نییە و بۆردوومانکردن هەڵەیە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و رۆب یێتن، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، پێشهاتە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاووتوێ کرد. مێرتس رایگەیاند، جەنگی ئێران هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە و تەنیا رێگەی سیاسی دەتوانێت دۆخەکە هێور بکاتەوە