رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە کوبا کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە ئەو دوورگە کۆمۆنیستە "بگرێت." ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێن کە کوبا بەهۆی گەمارۆی تووندی نەوتیی ئەمریکاوە، بە تەواوەتی کەوتووەتە ناو تاریکی و بڕانی سەرتاسەریی کارەباوە.
رۆژی دووشەممە 16-03-2026 ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "بە درێژایی ژیانم باسی ئەمریکا و کوبام بیستووە؛ کەی ئەمریکا کارەکە تەواو دەکات؟ من بڕوام وایە شەرەفی گرتنی کوبام پێ دەبڕێت." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "چ ئازادی بکەم یان بیگرم، راستت دەوێت دەتوانم هەرچییەکم بوێت پێی بکەم، چونکە ئەوان ئێستا نەتەوەیەکی زۆر لاوازن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کوبا "داوای رێککەوتن دەکات" و گوتی هەر کە جەنگی ئێران کۆتایی هات، "بەم زووانە یان رێککەوتنێک دەکەین یان هەر کارێکی دیکە کە پێویست بێت دەیکەین."
کوبا نەتەوەیەکی 9.6 ملیۆن کەسییە، رووبەڕووی بڕانی تەواوەتیی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا بووەتەوە. بەهۆی کۆنیی سیستمکان و نەبوونی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان، لە زۆربەی ناوچەکان رۆژانە 20 کاژێر کارەبا نییە.
ئەم قەیرانە دوای ئەوە قووڵتر بووەوە، ئەمریکا لە 3ـی کانوونی دووەمی رابردوو نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا و گەورە هاوپەیمانی کوبای لە دەسەڵات لادا. لە 9ـی کانوونی دووەمەوە هیچ بارە نەوتێک نەگەیشتووەتە کوبا، کە ئەمەش کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی وڵاتەکەشی ئیفلیج کردووە.
بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان، حکومەتی کوبا بڕیارێکی مێژوویی دا. ئۆسکار پێرێز ئۆلیڤا، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بازرگانیی دەرەوەی کوبا بە کەناڵی (NBC News)ـی راگەیاند، وڵاتەکەی دەرگەی بۆ کۆچبەرە کوباییەکانی دانیشتووی ئەمریکا واڵا کردووە تاوەکو بگەڕێنەوە و وەبەرهێنان بکەن. وەزیری بازرگانیی دەرەوە گوتی: "کوبا بۆ پەیوەندییەکی بازرگانیی چالاک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەیە."
نەبوونی کارەبا، خۆراک و دەرمان بووەتە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک. لە چەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر نووسینگەیەکی پارتی کۆمۆنیست. خەڵک بە شەوان بە لێدانی کەوچک لە مەنجەڵ و هاوارکردنی دروشمی "Libertad" (ئازادی) دەڕژێنە سەر شەقامەکان.
میگێل دیاز کانێل، سەرۆککۆماری کوبا لە پۆستێکدا لە ئێکس دانی بە نیگەرانیی خەڵکدا نا بەهۆی بڕانی کارەباوە، بەڵام گوتی تووندوتیژی بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت. حکومەت ناچار بووە فرۆشتنی بەنزین و هەندێک خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکانیش بە پشک (کوپۆن) دابەش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ