رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، توندوتیژی دژی هاووڵاتییانی سڤیل بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت مافی کورد و کەمینەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا پارێزراو بێت.
لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێشێلکارییەکان، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن."
وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت، هاوشانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی هاوبیر، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاگربەست و پابەندبوون بەو رێککەوتنانە دەکەنەوە، کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی گواستنەوەی سووریادا واژۆ کراون.
سەبارەت بە دۆسیەی زیندانیانی داعش، وەزارەتەکە راگەیاند: "بە وردی چاودێریی دۆخی کەمپ و زیندانەکان دەکەین، کە ئەو کەسانەی تێدا دەستبەسەرن پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە." ئاماژەی بەوەشکردووە: "زۆر گرنگە ئاسایشی ناوەوە و دەوروبەری ئەم شوێنانە بپارێزرێت و هەموو ئەو بەڵگانەی لەوێدا هەن، پارێزراو بن."
سوێد کە خۆی بە ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەناسێنێت، رایگەیاندووە، ساڵی 2025ـەوە، سووریا بووەتە ئەندامی هاوپەیمانییەکە و رۆڵێکی گرنگ لە شەڕی دژی داعش دەگێڕێت.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا، بەردەوام جەخت لە بونیادنانی "سووریایەکی گشتگیر" دەکەنەوە کە بۆ هەمووان سەلامەت بێت، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئایینی یان نەتەوەیی.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت: "بەردەوامین لە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو سوورییەکان، لەوانەش کوردەکان، هەروەها پێویستیی لێپرسینەوە لەو تاوانانەی لە رابردوو و ئێستا لە سووریا کراون."
ئەم هەڵوێستەی سوێد لە کاتێکدایە، رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2026 هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
بەپێی ئاماری نووسینگەی کۆچبەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەهۆی ئەم شەڕانەوە نزیکەی 500 هەزار کەس ئاوارە بوون.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، راپۆرتەکان باسیان لە بڕینی ئاو و کارەبا وەک "چەک" و دەستگیرکردنی دەیان هاووڵاتیی کورد کردووە، کە وایکردووە وڵاتانی رۆژئاوا گوشارەکانیان بۆ سەر دیمەشق چڕ بکەنەوە تاوەکو ئاگربەستەکە کە تا 8ی شوبات درێژکراوەتەوە، بە جێگیری بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ