رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە بەریتانیا لە نزیکبوونەوەی لە چین و رایدەگەیێنێت، "زۆر مەترسیدارە" کە هاوپەیمانە نزیکەکەیان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە نمایشی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکەی مێلانیا ترەمپی هاوژینی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە سەردانەکەی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ چین گوتی: "زۆر مەترسیدارە بۆ ئەوان کە ئەو کارە بکەن."
کییەر ستامەر لە بەیجینە و لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە بۆ چین لە دوای ساڵی 2018ـەوە.
ستامەر چەندین رێککەوتنامەی لەگەڵ پەکین واژۆ کردووە، لەوانە کەمکردنەوەی باج لەسەر ویسکی سکۆتلەندی و پێدانی ڤیزای 30 رۆژەی بێبەرامبەر بە هاووڵاتییانی بەریتانی.
ترەمپ تەنیا هۆشداریی بە بەریتانیا نەدا، بەڵکو باسی لە کەنەداش کرد و گوتی: "پێموایە بۆ کەنەدا زۆر مەترسیدارترە کە بچێتە نێو بازرگانی لەگەڵ چین. کەنەدا دۆخی باش نییە و زۆر بە خراپی کار دەکات، ناتوانن وەکو چارەسەر سەیری چین بکەن."
پێشتر ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رێککەوتنی زیاتر لەگەڵ بەیژین واژۆ بکات، پێناسی گومرگی 100٪ دەخاتە سەر کاڵا هاوردەکراوەکانی کەنەدا.
گواو جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی قسەکانی ترەمپدا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتان بەهێز بکات لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی هاوبەش و بردنەوەی هەردوولا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ