وەزیرى بەرگریى ئیتاڵیا: لە ترسى لێکەوتەکانى جەنگى ئێران خەوم لێ ناکەوێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەهۆی نیگەرانی لە لێکەوتە ئابووری و سەربازییەکانی جەنگی ئێران خەوی لێ زڕاوە.

رۆژی دووشەممە، 30ـی ئادارى 2026، گۆیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەى "لا رێپوبلیکا"ى ئیتاڵی رایگەیاند، 24 کاژێر لەنێو زانیارییەکانی ئەم جەنگەدا دەژی.
 
وەزیرە ئیتاڵییەکە گوتی، "من ناچارم شتانێک بزانم کە چیدی ناهێڵن بخەوم؛ بەهۆی ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا چ روودەدات و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری و ژیانی رۆژانەمان دەبێت."
 
کرۆسێتۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئیتاڵیا لەگەڵ هەڵگیرساندنی ئەم جەنگەدا نەبووە و گوتی: "ئێمە هاوبەشی ئەم جەنگە نەبووین و کەسیش راوێژی پێ نەکردووین، نە بە ئێمە و نە بە کەسی دیکە." 
 
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا هۆشداریی دا کە نابێت تاران بە کەم سەیر بکرێت: "ماوەی جەنگەکان بەندە بە بەرگریی لایەنی لاوازەوە، وەک لە ئۆکرایناش دەیبینین. ئێران لە ئۆکراینا گەورەترە، دانیشتووانی زۆرترە و خاوەن مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە، بۆیە دەبێت رۆڵمان لە چارەسەری دیپلۆماسیدا هەبێت."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کرۆسێتۆ گوتی: "ترەمپ سەرۆکی نەتەوەیەکە و بە زۆرینەیەکی دەنگ هەڵبژێردراوە، ئەو رێگەی خۆی دەبڕێت و گوێ لە کەس ناگرێت جگە لە خۆی. ئێمە بەبێ پاشکۆیەتی بۆ هیچ لایەنێک رێگەی خۆمان دەبڕین، بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا گەرەنتیی ئازادی و ئاسایشە بۆ ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپا." 
 
وەزیری بەرگری هۆشداریشی دا کە ئەورووپا بەبێ ناتۆ و ئەمریکا هیچ هێزێکی "بەپەرچدانەوە و بەرگری" نییە و گەیشتن بەو ئاستە رەنگە 8 بۆ 10 ساڵی دیکەی پێویست بێت.
 
ئەم لێدوانانەی کرۆسێتۆ لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە پێنجەم هەفتەیەوە. 
 
واشنتن و تەلئەڤیڤ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لە نێو ئێراندا پێکاوە و زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتەیان راماڵیوە. 
 
لە بەرامبەردا، تاران بە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و گازیییەکانی و داخستنی تەنگەی هورمز، قەیرانى وزەى جیهانى قوڵترکردووە و نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز بووەتەوە.
 
وڵاتانی ئەورووپا لەنێوان گوشارەکانی ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکی دەریایی و ترسیان لە داڕمانی ئابووری و پەرەسەندنی جەنگ، لە دۆخێکی یەکجار هەستیاردا ماونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنتۆنی ئەلبانیز ،سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا داوای روونکردنەوە لە ترەمپ دەکات: "ئامانجەکانی جەنگی ئێران نادیارن"

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد ئاراستە و ئامانجەکانی جەنگی ئێران بەروونی دیاری بکات. هاوکات جەختی لە گرنگیی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.