رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران و دەڵێت، وەڵامەکەیان بۆ هێرشەکەی سەر پاڵاوگەی حەیفا "بەمنزیکانە" دەبێت. ترەمپ دەشڵێت، ئەگەر تاران بەپەلە رێککەوتن نەکات، هەموو ژێرخانەکانی وزەی ئەو وڵاتە بە تەواوی لەنێودەبەن.
جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، پێی ناوەتە مانگی دووەم، هێرشەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ؛ ئێران وێستگەیەکی ئاو و کارەبای لە کوێت و گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئیسرائیلی لە شاری حەیفا بە مووشەک پێکاوە.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر حەیفا و کوێت گوتی، "بەمنزیکانە دەبینن."
ترەمپ ئاماژەی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران کرد و گوتی، چاوەڕێی هەڵوێستی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئامادەیە کار لەگەڵ ئەمریکییەکان بکات یان نا "هەفتەیەکی دیکە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و تەنگەی هورمزیشی لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە داخستووە، ئەمەش وایکردووە نرخی بەنزین لە ئەمریکا بگاتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 2022.
"دووژمنەکانی ئەمریکا" کوژراون
سەرۆکی ئەمریکا باس لە "گۆڕانکاریی ریشەیی" لە ناو تاران دەکات و دەڵێت، "گۆڕانکاریی تەواوی رژێم روویداوە، چونکە رژێمەکانی رابردوو نەماون و ئێستا لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی تەواو نوێدا مامەڵە دەکەین." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم دەستە نوێیە تاوەکو ئێستا زۆر "ژیرتر" بوون.
بەگوێرەی سێنتکۆم و بەرپرسانی ئیسرائیل، لە دەستپێکی جەنگەکەوە زیاتر لە 50 سەرکردە و فەرماندەی باڵای ئێرانیان کوشتووە. دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێرانە.
چارەنووسی موجتەبا خامنەیی نادیارە
هەفتەیەک دوای دەستپێکی جەنگەکە موجتەبا خامنەیی بە رێبەری نوێی ئێران دەستنیشانکرا. ترەمپ باسی لە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران کرد، کە لە دوای 28ی شوباتەوە نەبینراوە. ترەمپ دەڵێت، "کەس هەواڵی نییە، ئەو بە سەختی بریندار بووە." کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا زیندووە، گوتی: "نازانین، پێدەچێت بەڵێ، بەڵام لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پێشتر رایگەیاندبوو، نزیکن لەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئامانجەکانیان لە جەنگی ئێراندا بەدەستبهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکدا لە "تروس سۆشیاڵ" هۆشداری دا کە ئەگەر بەمنزیکانە رێککەوتنی ئاشتی نەکرێت، ئەوا ئەمریکا هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرە نەوتەکان، دوورگەی خارک و تەنانەت وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی ئێران "تەقێنێتەوە و بە تەواوی دەیانسڕێتەوە."
ترەمپ گوتی، "سەرۆک گاڵتە ناکات و ئامادەیە دۆزەخ بەرپا بکات. ئێران نابێت دووبارە هەڵە بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ