رووداو دیجیتاڵ
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، شاندی رووسیا دەچێتە ئیستەنبووڵ بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە لە گەڕی دووەمی دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینادا بەشدار بێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە کیێڤ گوتی، دوای دانوستاندنەکەی رۆژی دووشەممە، دەکرێت کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لەنێوان سەرۆکەکانی تورکیا، ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینا بکرێت.
لەوە بارەیەوە پێسکۆڤ گوتی، ئەگەر دانوستاندنەکەی دووشەممە ئەنجامی هەبێت، ئەوا دەکرێت لووتکەکەش بکرێت.
پێسکۆڤ دەڵێت: "سەرۆک پووتین چەندین جار گوتوویەتی، لە بنەڕەتدا بە پەیوەندیی ئاست باڵا رازییە. بێگومان پێویست بە پەیوەندیی ئاست باڵا دەکرێت، بەڵام پێویستە باش ئامادەکاری بۆ بکرێت؛ هەروەها پێویستە ئەنجامی سەرەتایی لە گفتوگۆی نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات بەدەست بێت."
لە کیێڤ، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دوای کۆبوونەوەکەی 16ی ئایاری ئیستەنبووڵ پێشنیازەکانی خۆی سەبارەت بە ئاگربەست پێشكێشی رووسیا کردووە و چاوەڕێی ئەوەیە، پێش گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکە رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی لە لایەن مۆسکۆوە پێ بگات، بە جۆرێک کە وردەکارییەکانی ئاگربەست روونبکاتەوە.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 2-6-2025 شاندی هەردوو وڵات لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە.
سیبها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "چاوەڕێین لەلایەن رووسیاوە یاداشتێکمان پێبدرێت."
بەرپرسە ئۆکراینییەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لایەنی ئەمریکیش بەڵێنی داوە" کە پێش دانوستاندنەکەی رۆژی دووشەممە، یاداشتێک لە رووسیا وەربگرێت.
سیبیها رایگەیاند، ئۆکراینا ئامادەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا بکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دەمەوێت ئەم ساڵ کۆتایی بەم جەنگە بێنین. ئێمە راگەیاندنی ئاگربەستمان بەلاوە گرنگە، ئینجا بۆ 30 رۆژ بێت یان 50 رۆژ یان 100 رۆژ. ئۆکراینا بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ رووسیا ئامادەیە."
سیبیها هەروەها گوتی، یەکێک لەو خاڵانەی لە ئیستەنبووڵ لەسەری رێککەوتوون، کارکردن بووە لەسەر دیاریکردنی شوێن و کاتی کۆبوونەوە لە نێوان ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند: "پێشوازی لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین لەسەر ئاستێکی فراوانتر، بەتایبەتی بە بەشداریی دۆناڵد سەرۆک ترەمپ."
سیبیها ئاماژەی بە پابەندبوونی کیێڤ بە چارەسەریی ئاشتیانە کرد و رایگەیاند: "ئۆکراینا پێشنیازی ئەمریکای بۆ ئاگربەست پەسندکردووە و هەنگاوی داهاتوو دەکەوێتە ئەستۆی مۆسکۆ"؛ گوتیشی: "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی رووسیایە. دەبێت رووسیا ئاگربەستێکی بێمەرج پەسند بکات، ئەوەش رێگە بۆ دانوستانی فراوانتر بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە، گشتگیر و بەردەوام بۆ ئۆکراینا خۆش دەکات. بۆیە، دەبێت گوشار بخرێتە سەر رووسیا تاوەکو رەزامەندییەکی روونی لێ وەربگیرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ