رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی "ئازادیی یانەی نیشتمانیی رۆژنامەڤانی ئەمریکا" بۆ ساڵی 2023 دەدرێتە هەردوو رۆژنامەڤانی ئێرانی نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی، کە ئێستا لە زیندانن. خەڵاتەکە، کە بە خەڵاتی جۆن ئەبوشنیش ناسراوە، لە گرنگترین خەڵاتەکانی یانەکە و رۆژنامەڤانانی ئەمریکایە.
ئایلین ئورێلی، سکرتێری یانەی نیشتمانیی رۆژنامەڤانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لە کاتی راگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی، "ئازادیی رۆژنامەگەری لە ئێران ئەمساڵ یەکێک لە سەختترین کاتەکانی تێپەڕاند، نزیکەی 90 رۆژنامەڤان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کراون."
ئایلین ئورێلی، ناوی براوەکانی ئەمساڵی ئاشکرا کرد و گوتی، "براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکەمان، نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، ئەو رۆژنامەڤانانەن کە هەوڵی تۆمارکردن و گێڕانەوەی چیرۆکی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندەران و بەتایبەت ژنانیان داوە"
ئایلین ئورێلی راشیگەیاند، نیلوفەر توانی وێنەی دایک و باوکی ژینا تۆمار بکات لە کاتێک چوونە ژوورەوەیان بۆ نەخۆشخانە و لە باوەشگرتنی رۆڵەکەیان کە ئەو وێنانە زۆر بە خێرایی بڵاوبوونەوە و تەنیا چەند رۆژێک دواتر نیلوفەرحامیدی دەستبەسەرکرا و ئیلاهە محەممەدیش بەهۆی رۆماڵکردنی پرسەی ژینا لە شاری سەقز و خۆپیشاندانەکان دەستبەسەر کرا.
پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران ئیلاهە محەممەدی و نیلوفەر حامیدییان بەوە تومەتبار کرد، کە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتەکانی دەرەوە هەیە.
سکرتێری یانەی نیشتمانیی رۆژنامەڤانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە دادگاییکردنی ئەو دوو ژنە رۆژنامەڤانە کرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕێوەچوو و گوتی، "لە هەفتەی رابردوودا هەردوو رۆژنامەڤانەکە لە پشت دەرگە داخراوەکان لە تاران برانە بەردەم دادگە و تائێستاش لە گرتووخانەن و چاوەڕێی راگەیاندنی بریاری دادگە دەکەن و دەکرێت سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێت، ئێمە لەم بارەوە زۆر نیگەرانین."
ئەم رێکخراوە پێشتر براوەی ناوخۆی خەڵاتی جون ئەبوشنی بۆ ساڵی 2023 راگەیاندبوو، کە خەڵاتەکەی بە ئیڤان گێرشکۆڤیچ، پەیامنێری بەشی رووسیی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دابوو، ئەو پەیامنێرە بەهاری ئەمساڵ لە رووسیا بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستبەسەر کراوە.
بڕیارە براوەکانی ئەمساڵی خەڵاتی جۆن ئەبوشن، کە هەر سێکیان لە گرتووخانەن، لە پاییزی ئەمساڵدا لە مەراسیمێکدا، کە لە یانەی رۆژنامەڤانی لە واشنتۆن دی سی بەڕێوەدەچێت، خەڵاتەکانیان وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ