وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: دەرفەتی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ماوە

30-09-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی سەر ئێرانیان گەڕاندەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، ئەمە کۆتایی رێگاکە نییە و پێویستە پرسی ئەتۆمی ئێران بە دانوستاندن چارەسەر بکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 30ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران و سەپاندنەوەی سزا ئەتۆمییەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا رایگەیاند، "نابێت هەرگیز رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە دەبێت". 
 
دوێنێ یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی لەسەر ئێران کاراکردنەوە و پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان هەنگاوی گرتبووەبەر. لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئاماژەی بەوە کرد، "هەرچەندە سزاکان لە رێگەی میکانیزمی سناپباکەوە کاراکراونەتەوە، بەڵام ئەمە مانای کۆتایی دانوستاندنەکان نییە. سوێد پێشوازی لە بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات". 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لیستی نوێکراوەی ئەو کەس و دامەزراوە ئێرانییانەی بڵاوکردەوە کە جارێکی دیکە خراونەتەوە ژێر سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. لیستەکە ناوی 42 کەسایەتیی سەربازی و زانستی و 78 کۆمپانیا و دامەزراوەی لەخۆگرتووە کە زۆربەیان پەیوەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانەوە.
 
پرۆسەی سناپباک (سەپاندنەوەی سزاکان)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران لەکاتێکدایە هەریەک لە تاران، مۆسکۆ و پەکین ئەو هەنگاوەیان بە نایاسایی داناوە. 
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، لە گەرمەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی تاران بە روونی چارەنووسی ئەو بنکانەیان ئاشکرانەکردووە. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، تاران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی زیاتر 60٪ هەبوو، بەڵام چارەنووسی یۆرانیۆمەکە دیار نییە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە