ترەمپ و شی جین پینگ لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە

30-10-2025
A+ A-

 

رووداو دیجیتاڵ


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش هیچ قسەیەکیان نەکرد.
 
پێش کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "گومانم لەوەدا نییە کۆبوونەوەیەکی باشمان دەبێت، ئەو [شی جین پینگ] گفتوگۆکارێکی زۆر باشە و دەکرێت رێککەوتن بکەین. ئێمە باش لە یەکدی تێدەگەین".
 
سەرۆکی چین پێش کۆبوونەوەکە هیچ قسەیەکی نەکرد، بەڵام لەسەر مێزی کۆبوونەوە و پێش دەرچوونی رۆژنامەڤانان لە ژووری کۆبوونەوە، چەند قسەیەکی کرد. 
 
شی جین پینگ گوتی، دەکرێت ئەمریکا و چین دۆستی یەکدی بن و ئەمەش پێویستە. باسی لەوەش کرد، ئامادەیە کار لەگەڵ ترەمپ بکات و بەیەکەوە جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر.
 
 
شی جین پینگ لەبارەی ئاگربەستی غەززە، ستایشی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی، هەوڵەکانت بەردەوامن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی. ئاماژەی بەوەش دا، "دەتوانین بەیەکەوە سەقامگیری لە جیهان بەرقەرار بکەین".
 
 

 

مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رووداو لە چین لەبارەی کۆبوونەوەی لووتکە رایگەیاند، میدیا و شەقامی چین زۆر بە زەقی و بە ئەرێنی باسی دەکەن.

 

 
هاوکات دیار کوردە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رووداو لە واشنتن گوتی، کۆبوونەوەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕ دەبێت، کۆشکی سپی دەیەوێ لەگەڵ چین رێکبکەوێ.
 
باسی لەوەش کرد، هەر کێشەیەک لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت، بۆیە هەردوو لا دەیانەوێ رێکبکەون.

 

 
جگە لە دۆناڵد ترەمپ، وەزیرانی دەرەوە، گەنجینە و بازرگانی، هەروەها راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپیش لە کۆبوونەوەکە ئامادەن.
 
 
کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاند، دوای ئەوەی هەردوو سەرۆک هاتنە دەرەوە، هیچ قسەیەکیان نەکرد و ترەمپ راستەوخۆ بەرەو واشنتن بەڕێکەوت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە