لە ئەڵمانیا بە میوزیک برینی کوردانی ئێزدی ساڕێژ دەکرێت؛ داهاتی کۆنسێرتێک دەبەخشرێتە شنگال

30-11-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
کۆنسێرتەکە لەلایەن کۆما ئامادەوە رێکخرا و داهاتەکەی بۆ ئێزدییەکانی شنگالە.
کۆنسێرتەکە لەلایەن کۆما ئامادەوە رێکخرا و داهاتەکەی بۆ ئێزدییەکانی شنگالە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە دەنگە سەرنجڕاکێش و پەیامە کاریگەرەکەیان، گرووپی کۆما ئامەد لە کۆشکی حکومەتی هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ لە شاری شتوگارت، زیاتر لە 400 میوانی کورد و ئەڵمان و چەندین سیاسەتڤانی ئەڵمانییان سەرسام کرد. کۆنسێرتەکە بۆ پشتیوانی لە کوردانی ئێزدی لە شنگال رێکخرابوو.
 
کۆنسێرتەکە لەژێر درووشمی "رێگاکانی چاکبوونەوە" و لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی تەندروستی و هەمەچەشنی، بە هاوکاریی وەزارەتی دەوڵەتی بادن ڤوتمبێرگ رێکخرا. داهاتی ئەم کۆنسێرتە بۆ هاوکاریی کوردانی ئێزدییە لە شنگال. پرۆفیسۆر دکتۆر ئیلهان کزلهان، رێکخەری چالاکییە خێرخوازییەکەیە.
 
ئیلهان کزلخان دەڵێت، "هەموو ئەو هاوکارییەی کۆدەکرێتەوە دەیدەینە حکومەتی بادن ڤۆتمبێرگ و ئەویش ئەو هاوکارییە دەبەنە سنوونێ و شنگال. بۆ ئەوەی هاریکاریی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی نەخۆش بکەن و بیانگوازنەوە نەخۆشخانە و چارەسەری نەخۆشی دەروونی وەربگرن".
 
هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ یەکەم هەرێم بوو لە ئەڵمانیا کە هەزار ژن و کچی کوردی ئێزدی هێنایە هەرێمەکە و لێرە چارەسەری پزیشکییان وەرگرت. لە 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 پڕۆژە بۆ هاوکاریی کوردانی ئێزدی جێبەجێ کراون کە تێچووەکەیان نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆ بووە.
 
فیلیپ کایل، سەرۆکی دەستەی پەرەپێدان و هاوکاریی هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ دەڵێت: "رێز، ژیانێکی شایستە و مرۆڤانە مافی هەموو کەسێکە، پێویستە بەریەککەوتن هەبێت لە جیاوازییە کولتوورییەکاندا، ئەمەش لە رێگەی میوزیک و کولتوورەوە روودەدات. کاتێک پێکەوە سەما دەکەین و ئاهەنگ دەگێڕین، پەیوەندی دروست دەکەین؛ ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێزدییەکان و بە گشتی بۆ هەموو پێکهاتەکان."
 
کایل ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوان دەیانەوێت بە ئاشتی بژین، بەڵام بۆ ئەم پێکهاتانە بارودۆخەکان هەمیشە خراپتر دەبن و مافەکانیان زیاتر زەوت دەکرێن. هیچ ئومێدێکیان نییە، چونکە لە کەمپەکاندا دەمێننەوە، بۆیە ئێمە دەبێت هاوسۆزی پیشان بدەین."
 
میوزیک دەتوانێت دەنگ بێت بۆ ئاشتی، بۆ چاکبوونەوە و هاوسۆزی، هەروەها دەتوانێت هیوا بگەیەنێت بەو شوێنانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی. بەشداربووان بە تامەزرۆوە گوێبیستی میوزیک و هۆنراوەی گرووپی کۆما ئامەد بوون و زۆربەیان لە دوورەوە بۆ بەشداریکردن لەم کۆنسێرتە هاتبوون.
 
گابریێل کۆنفەرەس، یەکێک بوو لە میوانەکان دەڵێت: "لە زۆر رووەوە ئەمە زۆر یارمەتیدەرە و پەیوەندی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵکەوە هەیە. هەروەها ئەمە پشتگیرییەکی دارایی گرنگە، بەتایبەت ئێستا کە هاوکارییە داراییەکان کەم دەبنەوە، بۆ نموونە ئەمریکا خەریکە دەکشێتەوە، واتە ئێمە پێویستمان بە سەرچاوەی ترە."
 
ئەو میوانە دەشڵێت: "پێموایە ئەم چالاکییانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەر بن، لە لایەکەوە پەیوەندی بە هاوکاریی داراییەوە هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندی بە هۆشیاری، گەیاندنی رۆح و لێکنزیکردنەوەی لایەنە کولتوورییەکانەوە هەیە."
 
گەورەترین دیاسپۆرای کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیایە، هەر بۆیە زۆربەی بەشداربووانی ئەم کۆنسێرتە داوایان کرد لە داهاتوودا هاوشێوەی ئەم جۆرە چالاکییانە زیاتر بەڕێوەبچن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل.

سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ بووەتە هاوڕێم و نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکەم

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.