رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە هاوینەهەواری مارەلاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. ترەمپ رایگەیاند، پێویستە حەماس چەک دابنێت، ئەگەرنا "باجێکی قورس" دەدات. هەروەها هۆشداری دایە ئێران کە هەر هەوڵێکی بننیاتنانەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکانی، تێکدەشکێنن.
29 کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە. ترەمپ باسی چەند پرسێکی کرد کە دیارترینیان دۆخی غەززە، "هەڕەشەکانی ئێران" و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بوون.
پرسی غەززە و چەکدانانی حەماس
ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە رایگەیاند: "ئەگەر حەماس وەک ئەوەی رێککەوتوون چەک دانەنێن، باجێکی قورس دەدەن." سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو بزووتنەوەیە چەک دابنێت.
ئەم گوتانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە هەمان رۆژ گوتەبێژی باڵی سەربازی حەماس (کەتیبەکانی عیزەدین قەسام) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رەتیکردەوە چەک دابنێن و رایگەیاند: "گەلەکەمان بەرگری لە خۆی دەکات و تاوەکو داگیرکاری بمێنێت، دەستبەرداری چەک نابین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ نەتەنیاهوو نییە و نیگەران نییە لە هەنگاوەکانی ئیسرائیل، بەڵکو ئێستا ئەرکەکە لەسەر شانی حەماسە بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات.
هۆشداریی تووند بۆ ئێران
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێرانیش قسەی کرد و هەڕەشەی "لەنێوبردنی" هەر هەوڵێکی تارانی کرد بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان کۆگەی مووشەکە بالیستییەکانی.
ترەمپ گوتی: "ئەگەر هەوڵی خۆبەهێزکردنەوە بدەن، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت جگە لەوەی بە خێرایی تێکی بشکێنین." گوتیشی وەڵامی ئەمجارەی ئەمریکا "رەنگە زۆر بەهێزتر بێت لە جاری پێشوو."
لە بەرامبەردا، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران لە ئێکس نووسی: "توانای مووشەکیی ئێران بە مۆڵەت نییە و هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی توندی دەستبەجێی دەبێت کە لە خەیاڵی داڕێژەرەکانیدا نییە."
کۆبوونەوەی "بەرهەمدار"
بنیامین نەتەنیاهوو کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ بە "زۆر بەرهەمدار" وەسف کرد. نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل بەرزترین رێزلێنانی سڤیلی وڵاتەکەی دەبەخشێتە ترەمپ، کە ئەمە یەکەمجارە ئەو خەڵاتە دەدرێتە کەسێکی نا-ئیسرائیلی.
ترەمپ کە خۆی بە "سەرۆکی ئاشتی" ناو دەبات، دەیەوێت بە خێرایی بچێتە قۆناخی داهاتووی ئاگربەست، کە بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی و جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
پرسی سووریا و لوبنان
گفتوگۆکانی نەتەنیاهوو و ترەمپ سووریایشی گرتەوە. ترەمپ هیوای خواست نەتەنیاهوو بتوانێت لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا "هەڵبکات"، سەرەڕای ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکان دەیانکات.
ئەم کۆبوونەوەیەی نەتەنیاهوو لە فلۆریدا دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە ترەمپ میوانداری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای کردبوو بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا. ئاگربەستی غەززەش کە لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ جێبەجێ کرا، بە یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی ساڵی یەکەمی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ