رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە میدیای فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ پرسی یەمەن، لەو وڵاتە بڕێکی زۆر چەک و ئۆتۆمبێلی جەنگیی کردووەتە ئامانج کە بە کەشتیی ئیماراتی گەیێندرابوون.
میدیای فەرمی سعودیە راگەیێندراوێکی سەربازی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوووە، "تیمی هەردوو کەشتییەکە سیستمی دیاریکردنی شوێنیان پەکخستبوو و بڕێکی زۆر چەک و ئۆتۆمبێلی جەنگییان بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور گەیاندووە."
ئەوەش هاتووە کە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسی و پەرەسەندنەی ئەم چەکانە دروستی دەکەن، هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان ئەم بەیانییە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سنوورداریان بۆ کردنە ئامانجی ئەو چەک و ئۆتۆمبێلە جەنگییانە ئەنجامدا کە لە هەردوو کەشتییەکە لە بەندەری موکەللا دابەزێنرابوون."
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییەکان لە بەندەری فۆجەیرە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئیماراتەوە گەیێندرابوونە یەمەن و ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە یەمەن، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەیە کە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە لەو وڵاتە. لەنێو حکومەتەکەدا ژمارەیەک گرووپی جیاواز هەن کە دیارترینیان ئەنجوومەنی راگوزەری باشوورە و هەوڵ بۆ جیابوونەوەی باشووری یەمەن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەدات. حکومەتەکە بە نزیک لە سعودیە دادەنرێت بەڵام ئەنجوومەنی راگوزەر بە نزیک لە ئیمارات دادەنرێت.
هێرشەکە چەند رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە بۆ سەر پێگەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور لە پارێزگای حەزرەمەوتی یەمەن هات، هەروەها دوای ئەوەی واشنتن داوای دانبەخۆداگرتنی کرد لەم ململانێیەی کە بەرە بەرە زیاتر دەبێت.
هەفتەی رابردوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "داوای دانبەخۆداگرتن و بەردەوامبوونی دیپلۆماسییەت دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام."
خالید سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەم ساتە هەستیارەدا کاتی ئەوە هاتووە رێگە بە لۆژیک بدرێت بۆ کشانەوەیان لەو دوو پارێزگایە و ئەنجامدانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە." بەڵام ئەنجوومەنەکە رۆژی هەینی هۆشداری دا کە سڵ ناکەنەوە لە هەڕەشەکان و لە پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهر ناکشێنەوە.
لە دوای دەست بەسەردا گرتنەکەوە، لایەنگرانی ئەنجوومەنی راگوزەر بە بەردەوامی لە شارەکانی وەک عەدەن کۆدەبنەوە بۆ داواکردنی راگەیاندنی سەربەخۆیی، کە گەورەترین گردبوونەوە رۆژانی هەینی ئەنجام دەدرێت.
بەپێی میدیای نزیک لە ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور، رۆژی شەممە سەدان چەکداری هۆزەکانی یەمەن لە عەدەن کۆبوونەوە بۆ ئەوەی داوا لە رێبەرانی ئەنجوومەنی راگوزەر بکەن سەربەخۆیی باشووری یەمەن رابگەیێنن.
حکومەتی یەمەن لە کۆمەڵێک گرووپی جیاواز پێکهاتووە کە ئەنجوومەنی راگوزەریش دەگرێتەوە و بەهۆی دژایەتی هاوبەشیان بۆ حوسییەکانی سەر بە ئێران پێکەوە ماونەتەوە.
حوسییەکان لە ساڵی 2014 حکومەتیان لە سەنعای پایتەختی یەمەن دەرکرد و کۆنترۆڵی زۆربەی باکووریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ