رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری ئیسرائیل بۆ دانپێدانان بە سۆماڵیلاند بە 'ناڕەوا و قبووڵنەکراو' دەزانێ و دەڵێ: "پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ لە هەموو بارودۆخێکدا لای ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە".
سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی میوانداریکردنی هاوتا سۆماڵییەکەی لە ئەنقەرە بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری ئیسرائیلی کرد بۆ دانپێدانان بە سەروەریی سۆماڵیلاند و بە هەنگاوێکی "ناشەرعی و قبووڵنەکراو"ـی دەزانێ. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایەکە تورکیا وەکو یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی حکومەتی فیدراڵیی سۆماڵ دادەنرێت و پشتیوانییەکی بەرفراوانی سیاسی و مرۆیی پێشکێش دەکات.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ، جەختی کردەوە: "پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ لە هەموو بارودۆخێکدا لای ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ دانپێدانان بە سۆماڵیلاند بە تەواوی ناشەرعی و قبووڵنەکراوە."
ئیسرائیل، رۆژی هەینی 26-12-2025 رایگەیاند بە فەرمی دان بە سۆماڵیلانددا دەنێت، کە ناوچەیەکی جیابووەوەیە لە باکووری سۆماڵ و لەسەر کەنداوی عەدەن هەڵکەوتووە، هەڵوێستەکەی ئیسرائیل رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی رەخنەی نێودەوڵەتی کردەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە سۆماڵیلاند سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەی حکومیی سەربەخۆی هەیە، تاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی جیهانەوە بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە.
هەنگاوەکەی ئیسرائیل رەخنەی تووندی یەکێتیی ئەفریقا، میسر و یەکێتیی ئەورووپای لێکەوتەوە، هەموویان جەختیان لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ کردەوە و هۆشدارییان دا لەوەی ئەم بڕیارە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی لە ئەفریقا.
تورکیا، کە هاوپەیمانێکی نزیکی سۆماڵە و بنکەیەکی سەربازیی گەورەی لە مەگادیشۆ هەیە، زۆرجار لەسەر کۆمەڵێک پرسی جیاواز، بەتایبەتی لەسەر ململانێی غەززە و رێگرییەکانی ئیسرائیل لە گەیاندنی هاوکاری بۆ خاکی فەلەستین، لەگەڵ ئیسرائیل تووشی ناکۆکی سیاسی بووە.
هاوکات حەسەن شێخ مەحموود، رایگەیاند :"هەڵوێستی شەڕانگێزانەی" بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
سەرۆکی سۆماڵ سوپاسی هەڵوێستی تورکیای کرد و ئاماژەی بەوەدا راگەیێندراوەکەی نەتەنیاهوو لەبارەی سۆماڵیلاندەوە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" و "دەستپێکی نائارامی و ناسەقامگیرییە، بەتایبەتی بۆ سۆماڵ و تەواوی ئەفریقا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ