رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە، کە لەکات و شوێنی خۆی و بە چەند قۆناخێک وەڵامی ئەو هێرشەی ئوردن دەداتەوە کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا، بەڵام هێشتا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "لەگەڵ ئێران شەڕمان ناوێت و ئەوانیش نایانەوێت."
رۆژێک دوای هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن و کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی لانیکەم 40 سەرباز، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەڵێنیدا "هەنگاوە پێویستەکان دەگرینەبەر و پارێزگاریی لە سەربازەکانمان دەکەین."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی ئەو هێرشە "لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێران"ـەوە کراوە و "دەبێت وەڵاممان هەبێت".
ئۆستن لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێریی گشتیی ناتۆ لە بارەگای وەزارەتی بەرگری - پێنتاگۆن، گوتی، "من و سەرۆک چاوپۆشیی لەو هێرشانە ناکەین کە دەکرێتە سەر هێزەکانمان، دەکرێت وەڵامەکانمان بە چەند قۆناخ و ئاستێک لە چەند کاتێکی جیاواز بێت."
بەرپرسانی دیکەی ئیدارەکەی بایدن نەرمیی دەنوێنن و دەڵێن، "نە ئەمریکا لەگەڵ ئێران؛ نە ئێران لەگەڵ ئەمریکا شەڕی ناوێت."
یەکێک لەوان سابرینا سینگ، گوتەبێژی پێنتاگۆنە و بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بێگومان ئێمە لەگەڵ ئێران بەدوای شەڕەوە نین، ئێرانیش شەڕی لەگەڵ ئەمریکا ناوێت."
جگە لە سینگ، لە کۆشکی سپییەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا هەمان قسەکانی ئەوی دووبارەکردەوە کاتێک گوتی، "ئێمە گرژیی سەربازیمان لەگەڵ ئێران ناوێت."
ئەمریکا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و دەیەوێت بزانێت بۆچی 350 سەربازی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن ئەو درۆنەیان بەرکەوت و درۆنەکە نەخرایە خوارەوە. بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن دەڵێن، "کاتێک ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوە بەرەو ئەو بنکەیە ئاراستەکراوە، لە هەمان کاتدا درۆنێکی ئەمریکی بەرەو بنکەکە دەگەڕایەوە و لەوانەیە لەگەڵ ئەویان تێکەڵ کردبێت بۆیە نەیانخستبێتە خوارەوە."
ئەو درۆنەی کە لەنزیک شوێنی پشوودانی سەربازەکان کەوتە خوارەوە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بە ناوەکانی ولیەم جیرۆمی ریڤەرس؛ 46 ساڵ. کێنێدی لەیدن ساندەرس؛ 24 ساڵ. بریۆنا ئەلێکسۆندەریا مۆفێت؛ 23 ساڵ. کە هەر سێکیان خەڵکی ویلایەتی جۆرجیان.
ئێران دەڵێت: ئەو گرووپانە فەرمان لە ئێمە وەرناگرن
رۆژی دووشەممە، 29-1-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەنگۆی تێوەگلانی ئێران لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا گوتی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازیی لە گەورەبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە ناکات."
بەهۆی ئەوەی گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" – شیعە بەرپرسیارێتیی زۆر لە هێرشەکانی سەر هێزەکان و بنکەکانی ئەمریکا لە ئەستۆگرتووە، ئاماژەکان بەرەو ئەوان بوون، لەوبارەوە کەنعانی گوتی: "گرووپەکانی موقاوەمە لە ناوچەکە فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەرناگرن. ئێران دەستوەردان ناکات لە بڕیاری گرووپەکانی موقاوەمە لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی فەلەستین یان بەرگریکردن لە خۆیان و خەڵکی خۆیان لە دژی شەڕەنگێزی و داگیرکردن."
دوای رووداوەکە، بایدن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بەو هێرشە کۆبووەوە و گوتی، "بڕیارمانداوە کە چۆن وەڵامی ئەو هێرشە بدەینەوە و ئێمە خوازیاری جەنگێکی بەرفراوان نین."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، ئەو گرووپەکانی سەر بە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشە دەزانێت.
تائێستا هیچ گرووپ و رێکخراوێک بە فەرمی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام حیزبوڵڵای عێراقی بەردێکی خستە نێو گۆمەکە و رایگەیاند، چیدیکە کردەوە لە دژی ئەمریکا ناکەن.
لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2024، ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، "سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەکانمان بۆ سەر هێزەکانی داگیرکەر هەڵدەسپێرین، بۆ شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراقی".
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەڵێت، بە رێگەی دیکە بەرگری لە خەڵکی غەززە دەکەن، داواش لە چەکدارەکانی دەکات تەنیا لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەریان وەڵام بدەنەوە و بەرگری لەخۆیان بکەن.
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەبارەی ئەو بڕیارەی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، "لێرەوە وەڵامی ئەو راگەیێندراوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەمەوە. دەڵێم، هەروەک چۆن پێشتریش گوتوومە، ئێمە هەر رێکخراوێک بە بەرپرس دەزانین کە بۆمان دەربکەوێت بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لە ناوچەکەدا".
نەویستنی شەڕ و وەڵامنەدانەوەی راستەوخۆ، کۆمارییەکانی ئەمریکای بێزار و تووڕە کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 31-1-2024، لیندزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور کە لە حیزبی کۆمارییە رایگەیاند، "ئەگەر ئێران باجی کوژرانی سێ سەرباز و بریندارکردنی دەیانی دیکە نەدات ئەوا مانای وایە ئیدارەی بایدن لە پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانیان کەمتەرخەمن لە کارەکانیان."
نیکی هەیلی، رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ بوون بە بەربژێری پارتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دەڵێت، "دوای 160 هێرش بۆ سەر پیاوان و ژنانمان لە سوپا، ئەمە جێگەی شەرمەزارییە و دەبێت بایدن هێزی ئەمریکا پیشان بدات."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و رکابەری سەرسەختی بایدن هێرشی کردە سەر جۆ بایدن و دەڵێت، کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا بەهۆی لاوازی و خۆبەدەستەوەدانی ئەوەوە بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، جیهان لە لێواری جەنگی جیهانیی سێیەمدایە.
هاوکات، جۆن کۆرنین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێک ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، "ئێران بکەنە ئامانج".
تۆم کۆتن، سیناتۆری کۆمارییەکان لە پشکی ویلایەتی ئەرکەنساس پەیامێکی درێژی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و رەخنە لە جۆ بایدن دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە کاردانەوەکانی بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی رابردوودا لاواز بوون.
ئەو سیناتۆرە دەڵێت، "جۆ بایدن چەندین ساڵە ئێران بەهێز دەکات، ئەوەش بە قبووڵکردنی هێرشەکان بۆ سەر سەربازانمان. بایدن بە پێدانی ملیاران دۆلار، بەرتیل دەداتە ئایەتوڵڵاکان."
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە کۆمارییە لە تویتێکدا نووسی، "پێویستە ئەمریکا پەیامێکی زۆر روون بۆ سەرانسەری جیهان بنێرێت و (پێیان بڵێت) کە هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان قبووڵکراو نییە".
ئێستا جیهان چاوی لەسەر ستراتیژییەتی وەڵامەکەی بایدنە و دەیانەوێت ببینن بایدن بە چ وەڵامێک دەتوانێت هەم تۆڵەبکاتەوە، هەم هێرشەکانی داهاتووی سەر هێز و سەربازانی ئەمریکا بنبڕ بکات و لەگەڵ ئێرانیش نەچێتە جەنگەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ