رووداو دیجیتاڵ
تەکەر کارلسن، میدیاکاری ناسراوی ئەمریکی "نهێنییەکی" فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەرلین بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافی و زیادبوونی ژمارەی موسڵمانانەوە ناتوانێت هێزی سەربازیی وڵاتەکەی زیاد بکات.
لە پۆدکاستێکدا کارلسن ئاماژەی بەوە کرد، فرێدریش مێرتس لە دانیشتنێکی تایبەتدا دانی بەوەدا ناوە کە پڕۆسەی ناونووسین بۆ سوپای ئەڵمانیا رووبەڕووی گرفتێکی گەورە بووەتەوە.
بە گوتەی کارلسن، مێرتس پێیوایە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی سوپایەکی گەورەتر، دەبێتە هۆی ئەوەی زۆربەی سەربازەکان لە گەنجانی موسڵمان بن، چونکە "منداڵبوون لەنێو ئەڵمانییەکاندا زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام لای موسڵمانەکان بە پێچەوانەوەیە."
ئەو میدیاکارە ئەمریکییە دەڵێت، بەرپرسانی ئەڵمانیا لە راستیدا "دەترسن" چەک بدەنە دەست سەدان هەزار گەنجی موسڵمان و نیگەرانن لە کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە.
کارلسن ئەم دۆخەی وەک بنبەستێکی سەربازی بۆ ئەڵمانیا ناوبرد و گوتی، "ئەوان ئێستا ناتوانن سوپا گەورە بکەن، چونکە نایانەوێت چەک بدەنە دەست پێکهاتەیەک کە متمانەیان پێی نییە."
سوپای ئەڵمانیا لانیکەم 184 هەزار و 200 سەربازی چالاکی هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا قەبارەی سوپاکە 181 هەزار و 150 سەرباز بوو. ئەڵمانیا دەیەوێ تاوەکو نیوەی 2030 ژمارەی سەربازەکانی بگەیێنێتە 260 هەزار کەس.
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، سێ هەزار بۆ پێنج هەزار سەربازی موسڵمان لە نێو سوپای ئەڵمانیادا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ