رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا، سەردانێکی فەرمیی بۆ بەریتانیا دەستپێکرد، کە یەکەم سەردانیەتی بۆ ئەو وڵاتە لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات. بڕیارە لە سەردانەکەیدا تاوتوێی رێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات بکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026 رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزاری گەیشتووەتە لەندەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا. ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاریکاری لە بوارە جیاوازەکاندا.
پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و بەریتانیا دوای رووخانی بەشار ئەسەد دەستیانپێکردەوە، کاتێک ئەحمەد شەرع لە 5ی تەممووزی 2025 لە دیمەشق پێشوازیی لە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد.
هەروەها سووریا لە تشرینی دووەمی 2025، دوای 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە لەندەن کردەوە. ئەمەش لە میانی سەردانێکی فەرمیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەریتانیا بوو.
لەندەن، دووەم وێستگەی گەشتێکی ئەوروپیی ئەحمەد شەرعە، کە رۆژی یەکشەممە بە سەردانێک بۆ بەرلین دەستیپێکرد. لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا کۆبووەوە و رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاریکاریی لە بوارە جیاوازەکانیان تاوتوێ کرد.
شەرع، لە بەرلین لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی ئەڵمانی کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە، ئابووری، وزە و فریاکەوتن.
کۆمپانیاکان، ئۆفەریان لە چەندین کەرتی ئابووریدا پێشکێشکرد، لەوانە وزە، دارایی، ئاسایش، گۆڕانی دیجیتاڵی، بیناسازی، چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی لۆجستی. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنی سووری و کۆمپانیا بەشداربووەکاندا واژۆ کران.
هەروەها لە سەردانەکەدا، سووریا رێککەوتنێکی هاریکاریی لە بواری گواستنەوەی ئاسمانیدا لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ کرد. ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوبەشی و فراوانکردنی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتدایە.
پێشتر ئەڵمانیا لە 25ی ئاداری 2025، دوای 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردبووەوە.
حکومەتی سووریا، هەوڵدەدات دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی باشتر بکات، ئەمەش لە رێگەی واژۆکردنی رێککەوتنی نێودەوڵەتی، راکێشانی وەبەرهێنەران و کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، دوای دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لەم وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ