رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا داخرانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پێی ناوەتە 45ەمین رۆژیەوە و جەنگ لەگەڵ ئێران بەردەوامە، هەموو راپرسییە نوێیەکان دەریدەخەن کە ئاستی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دابەزین بەردەوامە.
بەگوێرەی دوایین راپرسیی (نیویۆرک تایمز) کە تاوەکو 30ی ئادار ئەنجامدراوە، ئاستی رەزامەندی لە کارەکانی ترەمپ بۆ 40% دابەزیوە، لە بەرامبەردا 56%ی ئەمریکییەکان لە کاری سەرۆکەکەیان ناڕازین.
جەنگی ئێران و دۆخی ئابووری
بەشی زۆری راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەنگدەرانی ئەمریکی بە تووندی دژی جەنگن لەگەڵ ئێران. راپرسییەکی زانکۆی کوینپیاکی ئەمریکی کە لە نێوان 19 بۆ 23ی ئادار ئەنجامدراوە، دەری خستووە کە 54%ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانن بۆسەر ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، کێشە ئابوورییەکانیش کاریگەرییان لەسەر پێگەی ترەمپ هەبووە. راپرسییەکی هاوبەشی رۆیتەرز و ئیپسۆس دەریدەخات کە تەنیا 25%ی ئەمریکییەکان لە شێوازی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ تێچووی بژێوی و گرانیی ژیان رازین.
زانکۆی ماساچووسیتس ئاماژە بەوە دەکات، دابەزینی بازاڕی پشک، بەرزبوونەوەی نرخ و بەردەوامبوونی جەنگ، بوونەتە هۆی ئەوەی ئاستی رەزامەندی لە ترەمپ بۆ نزمترین ئاست لەوەتەی دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دابەزێت.
ئەنجامی نوێترین راپرسییەکان تاوەکو 30ی ئادار:
رۆیتەرز/ئیپسۆس: 62% ناڕازی، 36% رازی.
دەزگای AP-NORC: 60٪ ناڕازی، 38% رازی.
زانکۆی کوینپیاک: 56% ناڕازی، 38% رازی.
بیکن ریسێرچ: 59% ناڕازی، 41% رازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ