رووداو دیجیتاڵ
چین و پاکستان داوای راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و پڕۆژەیەکی پێنج خاڵییان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران خستە روو.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی چین لە بەیژینگ، هەردوو وڵات دەسپێشخەرییەکی هاوبەشیان بۆ "گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" راگەیاند.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە بەیژینگ لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی چین، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر "بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و هاوئاهەنگی لەسەر دۆخی ئێران و گرتنەبەری هەوڵی نوێ بۆ چەسپاندنی ئاشتی."
پڕۆژە پێنج خاڵییەکەی چین و پاکستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، جەخت لە راگرتنی دەستبەجێی کارە دووژمنکارییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لە زووترین کاتدا دەکاتەوە؛ هاوکات داوای کۆتاییهێنان بە هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل، بەتایبەتیش پاراستنی ژێرخانی وزە و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، دەسپێشخەرییەکە جەخت لە گرنگیی پاراستنی رێڕۆ ئاوییەکان و زامنکردنی هاتووچۆی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز دەکاتەوە، وەک بنەمایەکیش بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، داوا دەکات ئاشتییەکی بەردەوام لەسەر بنەمای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بنیات بنرێت.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، گفتوگۆ و دیپلۆماسی "تاکە بژاردەی گونجاوە بۆ چارەسەری ململانێکان." هەروەها جەخت کراوەتەوە دەبێت لایەنەکان لە کاتی گفتوگۆکاندا لە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دووربکەونەوە.
پاکستان رایگەیاندووە، ئامادەیە میوانداریی گفتوگۆی "واتادار" لەنێوان واشنتن و تاران بکات. ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، تاران لە رێگەی ئیسلامئابادەوە وەڵامی پڕۆژە 15 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داوەتەوە، هەرچەندە تاران بە فەرمی بوونی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن رەتدەکاتەوە.
چین کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئێرانە، تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی سەربازیی بۆ تاران رانەگەیاندووە و بەردەوام جەختی لەسەر ئاگربەست کردووەتەوە، هاوکات رۆڵی نێوەندگیر لە ململانێکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستانیش دەگێڕێت و داوای "هێورکردنەوە و دانبەخۆداگرتن" لە هەردوولا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ