رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری رۆژئاوای ویلایەتی واشنتنی ئەمریکا، بارهەڵگرێک وەرگەڕا و پۆلیسیش ئاگاردارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاگاداری بە دانیشتووان داوە کە لە رووداوەکەدا 250 ملیۆن هەنگ هەڵاتوون.
بەگوتەی پۆلیسی ناوچەی واتکۆم، رووداوەکە رۆژی هەینی لە نزیک شارۆچکەی لیندن روویدا. شارۆچکەکە دەکەوێتە نزیک سنووری کەنەدا.
پۆلیسی ناوچەکە هۆشداری بە دانیشتووانی ناوچەکە دا و گوتی: "بەهۆی هەڵاتنی هەنگەکانەوە، خۆتان لە ناوچەکە بەدوور بگرن."
بەرپرسان هانی خەڵکیان دا کە لانیکەم 180 مەتر لە شوێنی وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە دووربکەونەوە.
ئامی کلاود، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، پۆلیس بە هاوکاری پسپۆڕانی هەنگ هەوڵی گرتنەوەی هەنگەکان دەدات و تاوەکو ئێستاش ژمارەیەک کارمەندییان لەلایەن هەنگەکانەوە پێوەدراون.
تەواوی رێگەی هاتووچۆی ناوچەکە داخراوە و پۆلیس هەوڵ دەدات لە 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا هەنگەکان بگرنەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە روون نییە و پۆلیسیش هیچی لەبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ