رووداو دیجیتاڵ
لە گۆڕەپانی تایمز سکوێر لە شاری نیویۆرک، ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ گەیشتوونەتە لووتکە. بڕیارە نزیکەی 1,000,000 کەس لەو گۆڕەپانە کۆببنەوە و لەڕێگەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنییەوە چەندین ئەستێرە بچنە سەر ستەیج. وەک نەریتی ساڵانەش، 1,360 کیلۆگرام "کۆنفێتی" (کاغەزی رەنگاوڕەنگ) لە ئاسمانەوە بەسەر ئامادەبوواندا دەبارێنرێت.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، چووە نێو خەڵک و پرسیارێکی ئاراستەی گەشتیاران و دانیشتووانی شارەکە کرد: "ئەگەر ساڵی 2025 کەسێک بوایە، پێش ئەوەی بڕوات چیت پێ دەوت؟"
2025؛ ساڵی دەستکەوتەکان
کارۆلاین، کە گەشتیارێکی نێو گۆڕەپانەکەیە، بە گەشبینییەوە دەڵێت: "2025 لە یادم دەبێت، چونکە بۆ من باشترین ساڵی ژیانم بووە. زۆر شتم تێدا بەدەست هێنا، بۆیە بیری دەکەم." گەشتیارێکی دیکەش دەڵێت: "سوپاس بۆ لێرەبوونت، خۆش بوو بەڵام کاتی رۆشتنتە. ساڵێکی نایاب و پڕ لە رووداو بوو."
کەسێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ پەشیمان نییە و هەموو شتێکی ئەم ساڵ لە 2026دا دووبارە دەکاتەوە. گەشتیارێکیش بە شانازییەوە باس لە ساڵی 2025 دەکات و دەڵێت: "پێشکەوتنی زۆرم لە خۆمدا بەدەست هێنا و بوومە کەسێکی ئەرێنی."
نیگەرانییەکان؛ ئابووری و دڵڕەقیی جیهان
لە بەرانبەردا، هەمووان وەک یەک بیر ناکەنەوە. دانیشتوویێکی نیویۆرک بە تووڕەییەوە دەڵێت: "بە 2025 دەڵێم بڕۆ و لێرە مەمێنە! ئەم ساڵ زۆر خراپ بوو." ئەو هاووڵاتییە هۆکارەکەی بۆ خراپیی دۆخی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخەکان و نرخی خانوبەرە دەگەڕێنێتەوە.
دوو گەشتیاری ئیتالیش پێیان وایە جیهان "دڵڕەق" بووە و دەڵێن: "تەنیا دەڵێین میهرەبانتر بە."
ئەو شتانەی لە 2026دا دووبارە نابنەوە
کاتێک باسەکە هاتە سەر ساڵی 2026، هەندێک کەس بڕیاریان داوە هەندێک ئەزموون دووبارە نەکەنەوە. خوێندکارێک دەڵێت: "خوێندنی زۆر دووبارە ناکەمەوە، چونکە لە رادەبەدەر ماندووی کردم."
کێڵسی، رەیچل و شەین، کە سێ گەشتیار بوون، باسیان لەوە کرد کە گواستنەوەی ماڵ بۆ ئەوپەڕی وڵات یەکێکە لەو کارە سەختانەی هەرگیز لە ساڵی نوێدا دووبارەی ناکەنەوە، بەتایبەت ئەگەر لە کۆتا ساڵی خوێندنی ئامادەییدا بێت. یەکێکیان دەڵێت: "نەهێڵم باشترین هاوڕێم بڕوات و لێم دوور بکەوێتەوە."
لە نێوان گەشبینی بۆ داهاتوو و ماڵئاوایی لە ساڵێکی پڕ لە هەوراز و نشێو، خەڵک لە نیویۆرک بە پەیامی جیاوازەوە پێشوازی لە ساڵی 2026 دەکەن، بەڵام وەک یەکێک لە گەشتیارەکان دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە یادگاری دروست بکەیت، گەشت بکەیت و وێنە بگریت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ