رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ زیاتر لە 1% بەرزبووەوە و ئاستی 3,340 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند.
ئەمڕۆ هەینی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 58 دۆلار بەرزبووەوە و بە 3347 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێ.
پێش ئەو نرخە، ئاستی 3 هەزار و 352 دۆلاریشی تۆمارکرد.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ئاماژە بوو بە سستبوونەوەی ئابووری و ئەگەری دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولدا بەهێزتر کرد.
لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی دوایین داتای سەندیکای زێڕینگران، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم جۆرەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 680 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 650 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 557 هەزار دینارە
ئەو نرخانەی سەندیکا لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوکرانەوە کاتێک نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 3290 دۆلار بوو، بەڵام لە دوای نیوەڕۆ و بەدیاریکراوی لە کاژێر 15:30ـەوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلاری دیکەی چووەتە سەر.
داتاکانی بازاڕی کار هیواکانی کەمکردنەوەی نرخی سوودیان بەهێز کرد.
بەگوێرەی راپۆرتی فەرمی وەزارەتی کاری ئەمریکا کە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاوبووەوە، ئابووریی ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا تەنیا 73 هەزار هەلی کاری نوێی لە کەرتی تایبەت رەخساندووە کە زۆر کەمتر بوو لە پێشبینیی شرۆڤەکاران کە 100 هەزار هەلی کار بوو.
هاوکات، ژمارەکانی مانگی ئایار و حوزەیرانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکرانەوە وەک لەوەی پێشتر راگەیێندرابوون.
لە وەڵامی ئەم داتایانەدا بازاڕەکان ئێستا ئەگەری دابەزاندنی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا بە رێژەی 75% دادەنێن، لە کاتێکدا پێش راپۆرتەکە رێژەکە تەنیا 45% بوو. دابەزاندنی نرخی سوود هاندەرێکی گەورەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، چونکە تێچووی هەڵگرتنی کانزا زەردەکە کەم دەکاتەوە.
نیگەرانییەکان لەبارەی هەڵاوسان و پێناسە
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە ئامارەکانی هەڵاوسانی تاک (PCE) لە سەرووی پێشبینییەکانەوە بوون، ئەمەش دیمەنی سیاسەتی بانکی فیدراڵی ئاڵۆزتر کرد.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانی سەپاندنی پێناسی گومرگیی بنەڕەتیی 10%ی جیهانی دووپاتکردەوە و پێناسی نوێی تاوەکو 41%ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکا نییە.
هەروەها پێناسێکی گومرگیی 40%ی لەسەر ئەو کاڵایانە راگەیاند کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە دەنێردرێن بۆ خۆدزینەوە لە گومرگ، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ