رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی دوای ئەوەی وەبەرهێنەران روویان کردە کڕینی سامانە سەلامەتەکان بەهۆی مەترسییەکانی داخستنی حکومەتی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە، داتا لاوازەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا چاوەڕوانی بۆ کەمکردنی زیاتری رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە، بەهێز کردووە.
داخرانی حکومەتی ئەمریکا لێرەدا مەبەست لەوەیە کە هیچ یاسایەکی بەرکار نامێنێت بۆ ئیدارەکەی ترەمپ تاوەکو پارە لە بودجەی فیدراڵی خەرج بکات و دەبێ کۆنگرێس یاسا و رێنمایی نوێ دەربکات.
لە کاژێر 5:00ی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر نرخی زێڕ بە رێژەی 0.4% بەرزبووەوە بۆ 3,872 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە بۆ 3,901 دۆلار.
نیکۆلاس فراپێل، شارەزای بازاڕی زێڕ لە کۆمپانیای (ئەی بی سی ریفاینەری) لەو بارەیەوە دەڵێت: "زێڕ سوودمەندە لە دابەزینی بەهای دۆلار بەهۆی کێشەی داخستنی حکومەت لە ئەمریکا و هەروەها نادڵنیایی گشتی جیوسیاسی."
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە شکستیهێنا لە تێپەڕاندنی یاسای درێژکردنەوەی بودجەی حکومەت، ئەوەش بووە هۆکار بۆ شەتداون یان بێ بودجە بوونی حکومەتی فیدراڵی، ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کەمکردنەوەی زیاتری هێزی کاری فیدراڵی کردووە.
داخستنەکە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی دامەزراوە فیدراڵییەکان نەتوانن راپۆرتە ئابوورییەکانی خۆیان وەک راپۆرتی بازاڕی کار و بازاڕی خانووبەرە لەم هەفتەیەدا بڵاوبکەنەوە.
بەپێی راپرسییەکان، 97٪ی بازرگانان ئێستا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بە ئەگەرێکی بەهێز دەناسن و 76٪ـی بازرگانانیش پێیانوایە لە مانگی 12شدا بانکی ناوەندی دیسان رێژەی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەمدەکاتەوە و نرخی زێڕ بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ