رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) میکانیزمی نوێی پێدانی پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ یەکەم جار دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە راگیرانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی ئەپیکور، میکانیزمەکە دوو بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
قەرەبووکردنەوە: حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی کە شایستەی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی کوردستانە و رادەستی سۆمۆ کراوە، لە رێگەی پێدانی نەوتی خاوەوە لە بەندەری جەیهان قەرەبووی دەکاتەوە.
پارەدانی راستەوخۆ: بەپێی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، حکومەتی عێراق بڕی 16 دۆلار وەک پارەی کاتی بۆ هەر بەرمیلێک دەدات بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
27ـی ئەیلوولى 2025 نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەکرایەوە، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـوە راگیرابوو. هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەشدارن، وەک قۆناخی دەستپێکی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، 190 هەزاری بۆ دەرەوە و 50 هەزاریش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس کە دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا درا، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ