رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و پڕبوونی کۆگاکان، عێراق هەناردەکردنی نەوتی لە بەندەرەکانی باشوورەوە بەتەواوی راگرتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە توانای کۆگاکردنی نەوت لەو بەندەرانە تەنیا 15 ملیۆن بەرمیلە و بە چەند رۆژێک پڕ دەبنەوە.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق و شارەزای وزە، رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی (رووداو) کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی شەڕ و پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمەش وایکردووە هەناردەی نەوت لە باشوورەوە بوەستێت."
پێش شەڕی ئێران، عێراق رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا؛ نزیکەی 3.5 ملیۆنیشی هەناردە دەکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی بلومبێرگ، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، عێراق ناچار بووە رۆژانە بەرهەمهێنانی 2.9 ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە. عاسم جیهاد دەڵێت، ئێستا عێراق تەنیا نەوتی سووک بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمهێنانی لەو کێڵگانە راگرتووە کە نەوتی قورس بەرهەم دەهێنن.
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە باشووری عێراق لەنێوان ملیۆنێک و 100 هەزار بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلدایە؛ لەو بڕە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلی بۆ کەرتی کارەبا دەڕوات و ئەوەی دیکەشی بۆ پاڵاوگەکانە تاوەکو پێداویستیی نێوخۆیی دابین بکەن.
سەبارەت بە جۆرەکانی نەوتی عێراق، ئەو شارەزایە روونیکردەوە، نەوتی قورسی بەسرە: 45% بۆ 50%ـی بەرهەم پێکدەهێنێت. نەوتی مامناوەندی بەسرە: 30% بۆ 35%ـی بەرهەمە. نەوتی سووک: 10% بۆ 15%ـی بەرهەمە و نەوتی کەرکووکیش 5% بۆ 10%ـی بەرهەمە.
رێگە جێگرەوەکان بۆ هەناردەکردن
گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوت باسی لەوە کرد، هەناردەکردن لە رێگەی ئوردنەوە زۆر سنووردارە (پێشتر تەنیا 10 هەزار بەرمیل بووە) و زیادکردنی کارێکی ئاڵۆزە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش گوتی: "دەستپێکردنەوەی هەناردە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە پێویستی بە رێککەوتن و دانوستاندنە لەسەر کرێی گواستنەوە. ئەگەر رێککەوتن بکرێت، دەکرێت تاوەکو 400 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک و باشوور لە رێگەی بۆریی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاوە هەناردە بکرێت، بەڵام گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو کاتی دەوێت."
عاسم جیهاد جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا عێراق تەواوی سەرنجی لەسەر دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆییە. ئاشکرای کرد کە خواست لەسەر بەنزین لە عێراق رۆژانە نزیکەی 32 ملیۆن لیترە، کە ئاستێکی زۆر بەرزە. گوتیشی: "عێراق هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بەنزینی ئۆکتان بەرز و هەندێک بەرهەمی دیکە هاوردە دەکات. ئێستا هەوڵ دەدرێت بەرهەمی کێڵگەکانی باشوور بۆ پاڵاوگەکان تەرخان بکرێت تاوەکو رێگری لە هەر قەیرانێکی سووتەمەنی (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و گازی شل) بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ