ئابووری
بە پێچەوانەی جەنگی 2025 کە تێیدا تەنگەی هورمز بەشێکی کراوە بوو، لە 2026 دا بە تەواوی داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووە 12 رۆژ، گۆڕەپانی جەنگ چیتر تەنیا بە جوگرافیاوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بووەتە جەنگی ژمارەکان و هەرەسهێنانێکی خێرای بیرکاری. هەرچەندە "جەنگی 12 رۆژەی" مانگی حوزەیرانی 2025 وەک بنەمایەک سەیر دەکرێت، بەڵام شەڕی ئەم جارە نیشانیدا کە جەنگەکە ئەم جارە وێرانکەرتر و لەڕووی تێچووەوە بەشێوەیەکی بەرچاو قورسترە.
لە کەمتر لە دوو هەفتەدا، "تێچووی دارایی رۆژانە" گەیشتووەتە ئاستێک کە لە جەنگە ناهاوسەنگە مۆدێرنەکاندا نەبینراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەیرانێک کە زیاتر پەیوەندیی بە توانای پیشەسازی و کۆگاکانی مووشەکی بەرگرییەوە هەیە و کەمتر پەیوەندی بە بەرگریی زەوینییەوە هەیە.
تێچووی جەنگ، چیرۆکی دوو تەرازوی جیاواز
دیارترین جیاوازی نێوان ئەم شەڕە و جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی 2025، لە تێچووی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنەکاندایە. لەکاتی جەنگی 2025 دا، خەرجی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" وەک رووداوێکی دارایی بچووک سەیر دەکرا کە تەنیا 1 بۆ 2 ملیار دۆلار بوو تێچووی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ، تێچووی ئەمریکا بۆ هەر رۆژێک گەیشتووەتە نێوان 891 ملیۆن بۆ 1.43 ملیار دۆلار.
ئەمریکا و سنووری خەرجییە گەورەکان
بۆ واشنتن، هۆکاری سەرەکیی تێچووەکە دەگەڕێتەوە بۆ خەرجکردنی لە رادەبەدەری 3.7 ملیار دۆلار لە دەرەوەی بودجەی دیاریکراو. تەنیا لە 100 کاژێری یەکەمی جەنگەکەدا ئەم خەرجییانە بەم شێوەیە بوون:
جێگرتنەوەی تەقەمەنی: 3.1 ملیار دۆلار (تەواوی لە دەرەوەی بودجە بووە).
چاککردنەوەی زیانەکانی جەنگ: 350 ملیۆن دۆلار. لەوانە زیانگەیشتن بە سێ فڕۆکەی F-15 و دوو فڕۆکەی F-35
خەرجیی ئۆپەراسیۆنەکان: 196 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنە دەریایی و ئاسمانییەکان.
تاوەکو رۆژی 12یەم، کۆی تێچووی ئەمریکا 14 بۆ 18 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە ئەمەش نزیکەی 18 هێندەی تێچووی گشتیی جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی 2025ـە، کە ئەوکات ئەمریکا تەنیا یەک رۆژ بەشداری لە هێرشکردنە سەر ئێران دا کرد.
ئێران، وەرچەرخان بەرەو تێچووی کەم و هێرشی چڕ
بە پێچەوانەوە، تێچووی تەقەمەنی رۆژانەی ئێران لە دابەزیندایە. لە 264 ملیۆن دۆلار لە رۆژانی سەرەتاوە بۆ نزیکەی 62-82 ملیۆن دۆلار لە رۆژی 12یەمدا، کەم بووەتەوە. لەوانەیە ئەمە نیشانەی لاوازی نەبێت، بەڵکو بەڕێوەبردنی ستراتیجی تێچووەکان بێت.
ئێران رێژەی هاویشتنی مووشەکە بالیستییە مەودا ناوەندەکانی (MRBM) ، بە رێژەی 90% کەم کردووەتەوە، کە تێچووی هەر دانەیەکیان 1-3 ملیۆن دۆلارە.
لە بەرامبەردا، بەکارهێنانی درۆنە خۆکوژەکانی (شاهید-136)ی زیاد کردووە، کە تێچووی هەر دانەیەکیان تەنیا 20,000 بۆ 50,000 دۆلارە.
ئەمە هاوکێشەیەکی وێرانکەرە. کاتێک ئەمریکا مووشەکێکی بەرگریی تاد (THAAD )، بەکاردەهێنێت کە نرخەکەی 12.7 ملیۆن دۆلارە بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی 50,000 دۆلاری. بەوشیوەیە لەڕووی ئابووییەوە، هاوکێشەکە 250 بە 1ـە. 250 هێندەی ئەوەی ئێران خەرجی دەکات بۆ دروستکردنی درۆنێک، ئەمریکا خەرجی دەکات بۆ خستنەخوار و لەنێوبردنی ئەو درۆنە ئێرانییە.
کاژێری مووشەکە بەرگرییەکان
هەرچەندە ئەمریکا "پارەی لێ نەبڕاوە"، بەڵام بە خێرایی ئەو کەرەستە سەربازییە تایبەتانەی لێ دەبڕێت کە بۆ مانەوە لە شەڕەکەدا پێویستن. "کاژێری کەمبوونەوەی ژمارەی مووشەکی بەرگری ئێستا بووەتە کۆسپە سەرەکییەکەی بەردەم ستراتیجی جەنگی ئەمریکا.
راستییە فیزیکییەکە ئەمەیە: بەم خێراییەی ئێستا، لەوانەیە تەواوی کۆگای مووشەکی بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی 4 بۆ 5 هەفتەدا بەتاڵ ببێت. چەندین ناوەندی لێکۆلینەوەی ئەمریکی وەک (Military Times ) و (The Heritage Foundation ) و (CSIS )، ئەم هۆشدارییانەیان داوە.
زیانە ناوچەییەکان
باری دارایی ئیسرائیل
ئیسرائیل لە کاتێکدا چووە نێو ئەم جەنگەوە کە باری قورسی 55 ملیار دۆلار تێچووی جەنگی 2025ـی لەسەر شانە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو ئەمڕۆ لەم جەنگەدا (رۆژی ١٢ی جەنگ) ، تێچووی ئابووری ئیسرائیل بگاتە 15 بۆ 25 ملیار دۆلار، کە زیاتر لە سێ هێندەی تێچووی جەنگەکەی 2025ـە کە 6 ملیار دۆلاری تێچوو. بەهۆی ئەوەی تەنیا 2.9 ملیار دۆلار لە (سندوقی یەدەگی قەرەبووکردنەوە) ماوەتەوە، شرۆڤەکاران پێیانوایە ئیسرائیل لە ماوەی 3 بۆ 6 مانگدا رووبەڕووی "گوشاری دارایی قورس" دەبێتەوە ئەگەر هاوکاریی دەرەکی گەورەی بۆ نەیێت. هەر دوێنێ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ وەزیری دارایی وڵاتەکەی دەرکەوت و گوتی "ئەم شەڕە پارەی دەوێت، پارەیەکی زۆر. بۆیە پێویستە لە کاتی جەنگ دا بودجەیەکی تایبەت بە بڕی دەیان ملیار دۆلار دابین بکەین."
داخرانی تەنگەی هورمز
بە پێچەوانەی جەنگی 2025 کە تێیدا تەنگەی هورمز بەشێکی کراوە بوو، لە 2026 دا بە تەواوی داخراوە.
پەککەوتنی هاتووچۆ: هاتووچۆی ئاسایی کە 130-150 کەشتی بوو لە رۆژێک دا، بۆ تەنیا 1-3 کەشتی دابەزیوە.
شۆکی نەوتی: نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی 10یەم دا گەیشتە 119 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا بەرزترین ئاستی 78 دۆلار بوو.
زیانی جیهانی: هەفتەی یەکەمی جەنگ 3.5 تریلیۆن دۆلاری لە بازاڕە جیهانییەکان سڕییەوە، کە ئەمەش 7 هێندەی کاریگەرییەکانی جەنگی 2025ـە.
جەنگی ماندووکەر
مۆدێلی بیرکاریی هەواڵگریی ئابووری ئەگەری 50% دادەنێت بۆ سیناریۆی "جەنگی ماندووکەر" یان Managed Attrition. لەم دەرەنجامەدا:
• جەنگەکە 6 بۆ 10 هەفتە دەخایێنێت.
• تێچووی راستەوخۆی سەربازی ئەمریکا دەگاتە 60-100 ملیار دۆلار.
• ئابووری ئێران بە کردەیی هەرەس دەهێنێت، چونکە هەناردەی نەوتی لە 1.38 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی سفر دادەبەزێت.
سیناریۆی جەنگی ماندووکەر، بەهۆی گەیشتن بە لێواری هیلاکی و ماندووبوونی هەردوولاوە دروست دەبێت. "سییەکانی دارایی" ئێران لەکارکەوتوون، چونکە سەرچاوەی داهاتەکەی ( کە 45%ی لە نەوت و گازە-) سووتاوە. هاوکات، ئەمریکا رووبەڕووی کەمییەکی کوشندە لەو مووشەکانە دەبێتەوە کە بۆ بەرگری لە هاوپەیمانەکانی پێویستن. وەک شرۆڤەکارێک ئاماژەی پێدا: "چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە کێ سوپایەکی بەهێزتری هەیە، بەڵکو ئەوەیە کام سیستمی سیاسی و ئابووری یەکەم جار لەژێر قورسایی تێچووی 1.4 ملیار دۆلار لە رۆژێکدا، درز دەبات و هەرەس دەهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ