ئابووریی تورکیا لە چارەکی سێیەمی 2025 گەشەی کردووە

01-12-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، ئابووریی وڵاتەکە لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا بە رێژەی 3.7% گەشەی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی ئاماری تورکیا، داتای پەیوەست بە ئابووری بۆ چارەکی سێیەمی 2025 کە مانگەکانی تەممووز تاوەکو ئەیلوول دەگرێتەوە، بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی داتاکە، کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لە چارەکی سێیەمی 2025دا بەراورد بە هەمان چارەکی پار، بە رێژەی 3.7% گەشەی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینیی ئابووریناسان بۆ گەشەی ساڵانە لە چارەکی سێیەمدا 3.97% بوو.
 
داتاکان دەریدەخەن، لە چارەکی سێیەمی 2025دا بەراورد بە پار گەشەکردن بەمشێوەیە: 
 
- کەرتی بیناسازی بە رێژەی 13.9%
- چالاکییەکانی دارایی و بیمە 10.8%
- چالاکییەکانی زانیاری و پەیوەندی 10.1%
- باج لەسەر بەرهەمەکان 9.6%
- چالاکییەکانی دیکەی خزمەتگوزاری 7.1%
- کەرتی پیشەسازی 6.5%
- بازرگانی، گواستنەوە، مانەوە و خزمەتگوزاریی خواردن 6.3%
- چالاکییەکانی خزمەتگوزاریی پیشەیی، کارگێڕی و پشتیوانی 4.4%
- چالاکییەکانی خانووبەرە 4.2% 
- کەرتی بەڕێوەبردنی گشتی، پەروەردە، تەندروستیی مرۆیی و چالاکییەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی 2.1%.
 
بەڵام کەرتی کشتوکاڵ بە رێژەی 12.7% پاشەکشەی کردووە.
 
کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لە چارەکی سێیەمی 2025دا بە نرخی ئێستا و بەراورد بە هەمان چارەکی پار، بە رێژەی 41.6% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 17 تریلیۆن و 424 ملیار و 718 ملیۆن لیرەی تورکی (زیاتر لە 432 ملیار و 880 ملیۆن دۆلار).
 
خەرجییەکانی بەکاربردنی کۆتایی ماڵەکان لە چارەکی سێیەمی 2025دا بەراورد بە هەمان چارەکی پار، بەرێژەی 4.8% زیادیکردووە. خەرجییەکانی بەکاربردنی کۆتایی حکومەت 0.8% و پێکهێنانی سەرمایەی جێگیر 11.7% زیادیکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە