رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 76% کەمی کردووە و رۆژانە گەیشتووەتە 83 هەزار بەرمیل نەوت.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026، بەگوێرەی ئاماری کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو بڕی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بۆ ئەمریکا چوار ملیۆن و 908 هەزار بەرمیل بووە، کە لە وڵاتانی عێراق، کەنەدا، مەکسیک، سعودیە، ڤەنزوێلا، بەڕازیل، کۆڵۆمبیا، نەیجیریا، ئیکوادۆر و لیبیاوە پێی گەیشتووە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا 83 هەزار بەرمیل بووە، کە 1.6%ی تێکڕای ئەو نەوتە بووە کە هەناردەی ئەمریکا کراوە.
بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا 76% کەمی کردووە و لە 251 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە کەمبووەتەوە بۆ 83 هەزار بەرمیل.
لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا، ئەمە نزمترین ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بووە بۆ ئەمریکا، لە کاتێکدا زۆرترین بڕی هەناردە لە هەفتەی کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025دا بووە کە ڕۆژانە 357 هەزار بەرمیل بووە.
زۆرترین بڕی نەوتی هەناردەکراوی ڕۆژانە بۆ ئەمریکا لەلایەن کەنەداوە بووە کە سێ ملیۆن و 813 هەزار بەرمیل بووە، کەمترینیشی لە لیبیاوە بووە کە هەزار بەرمیل بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ