رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی بڕیارەکەی بەغدا بۆ داشکاندنی 25% دەدات و دەڵێت، داشکاندنەکە لە رێژەی گومرگ نییە، بەڵکو لە "نرخاندنی کاڵا"یە. هاوکات ئاشکرای دەکات، تیمێکی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا لە بەغدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026 نەوزاد رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "حکومەتی عێراق رێژەی گومرگی سەر کاڵای 25% کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو بڕیاری داوە 25% لە نرخاندنی (تەخمین)ی کاڵاکان خۆیان دابشکێنێت."
نەوزاد رەباتی بە نموونەیەک روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی، "ئەگەر پێشتر کاڵایەک نرخەکەی وەک 100 دۆلار لە گومرگ هەژمار کرابێت، ئێستا وەک 75 دۆلار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و پاشان ئەو رەسمە گومرگییەی بۆی دیاریکراوە لێی وەردەگیرێت."
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، بەهۆی سیستمی نوێی ئەسیکۆدا و بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی هەندێک کاڵا لە 5%ـەوە بۆ 30%، نرخی بەشێک لە کاڵاکان "بە رێژەی 100% بەرزبوونەتەوە". رەباتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هێشتا باج و رەسمە گومرگییەکان بە بەرزی ماونەتەوە، بەڵام ئەم بڕیارەی داشکاندن لە "نرخاندنی کاڵا" تاڕادەیەک بارگرانیی سەر شانی بازرگانان سووک دەکات.
شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە
سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نەوزاد رەباتی ئاشکرای کرد، "ئێستا شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە زانیاری وردمان لەسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان نییە."
رەباتی رەخنەی لەوە گرت کە لەو شاند و لیژنانەی بۆ گفتوگۆ دەچنە بەغدا، نوێنەری ژوورە بازرگانییەکان و کەرتی تایبەت فەرامۆش کراون و گوتی، "ئێمە باشتر لە هەر کەسێک ئاگاداری واقیعی بازاڕ و ئاستەنگەکانین."
کێشەی دۆلار و مانەوەی کۆنتێنەر
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی هۆشداری دا لەوەی بڕیارەکان وایانکردووە بازرگانان نەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی (1320 دینار) بەدەستبخەن و ناچاربن پەنا بۆ بازاڕی رەش ببەن، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی کاڵایە.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵێکی دڵخۆشکەری بۆ بازرگانان راگەیاند و گوتی، "پێشتر بازرگانان تەنیا 30 رۆژ مۆڵەتیان هەبوو بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لە بەندەرەکان، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەم ماوەیە بۆ 60 رۆژ درێژکراوەتەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی تووشی سزای دارایی نەبن."
هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەچووەتە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە و ئەو پێناسی گومرگییەش جێبەجێ ناکات کە بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە کاری پێدەکات. ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە باشووری عێراق، جیاوازیی بەهای گومرگییان لێ وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ