سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان: بەمنزیکانە ناسەقامگیری لە بەهای دراودا روودەدات

02-05-2024
شیراز رەئوف
ڤیدیۆکە: هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەیسەڵ هەیمەس
ڤیدیۆکە: هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەیسەڵ هەیمەس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی کڕین و فرۆشتنی پشک لە بۆرسەکانی جیهان کار دەکەن، هیچ مۆڵەتێکی فەرمی و هیچ گەرەنتییەکیان نییە و بەشێکیان کۆمپانیای وەهمین و هاووڵاتییان خۆیان بەرپرسن لە فەوتانی پارەکانیان.
 
فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکان لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق و مەترسیی ناجێگیری بەهای دۆلار و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان دەکات.
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت، "پلان هەیە بۆ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر و کردنەوەی لقی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە سلێمانی."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: دەستەی کاخەزە داراییەکان کاری سەرەکیتان گرەنتیکردنی پارەی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان و هاوکاریی کۆمپانیاکانە لە عێراق، تێڕوانینێک هەیە لە حکومەتەکانی رابردوو لە عێراق، ئەویش بەرفراوانکردنی وەبەرهێنان و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنانە، ئایا ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک بە جۆرێک لە جۆرەکان جێگەی هیوا بێت بۆ بابەتی وەبەرهێنان لە عێراق؟ 
 
فەیسەڵ هەیمەس: تێڕوانینی حکومەت تێڕوانینێکی بەرفراوانە بۆ راکێشانی سەرمایە لە دەرەوە، بە دڵنیایی چەند بوارێکی زۆری رەخساندووە بۆ وەبەرهێنانی بیانی. لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەرفەتی زۆر هەن بۆ وەبەرهێنەران جا لە دەرەوە بن یان لە نێوخۆی عێراق. چاومان لەوەیە هاتنەناوەوەی نوێ هەبێت بەپێی پلان یان تێڕوانینی حکومەت بۆ پاڵپشتیی وەبەرهێنان، وەکو دەشزانن لیژنەیەک پێکهێنراوە بە چاودێری سەرۆکوەزیران بۆ دووبارە پێداچوونەوەی هەیکەلی کۆمپانیا گشتییەکان، بە دڵنیایی ئەوە کارێکی تایبەتمەند دەبێت بۆ هاتنەناوەوەی زیاتری کۆمپانیاکان بۆ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، جووڵەی بازاڕ زیاد دەکات و وەبەرهێنەرانی نێوخۆ و دەرەکی زیاتر رادەکێشێت بۆ وەبەرهێنان. لەبارەی دەستەی کاخەزە داراییەکان بە دڵنیایی جگە لە چالاکی بنەڕەتیمان کە چاودێریی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق و پاراستنی وەبەرهێنەرانە، چالاکی دیکەشمان هەن وەکو چالاکی هاوبەش لەگەڵ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بۆ بازاڕ دۆزینەوەی وەبەرهێنەران جا وەبەرهێنەری ناوخۆ بن یان بیانی، یان لە رێگەی ئەو کۆنفرانسانەی ئێمە بەشدارییان تێدا دەکەین لەسەر ئاستی ناوخۆ لەپاڵ ئەوەشدا کۆنفرانسەکانی دەرەوە هەن، کە ئێمە بەشدارییان تێدا دەکەین، هاوکات چالاکی نوێمان هەیە وەکو پەیوەندی و قسەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی یان پارێزگا وەبەرهێنەکان تاوەکو بزانین ئاستەنگەکانی بەردەمیان چین و چارەسەری بکەین، هەموو ئەمانە پشتیوان بە خودا وادەکەن بازاڕەکە بەردەوام بێت لە سەرکەوتن
 
رووداو: باست لە ئاستەنگەکان کرد، قسەیەک بەردەوام دەکرێت ئەویش رۆتین و بیرۆکراتییەتە، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کەمکردنەوەی ئەو بیرۆکراتییەتە هاتووە، چی کراوە تاوەکو ئێستا؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ببینە بە دڵنیاییەوە ئێمە بێ ئەوەی کەس قسەی لەبارەوە بکات ئێمە وەکو هاووڵاتیان لە سەردانمان بۆ هەر لایەنێک جا لایەنی حکومی یان تەنانەت هەندێ لایەنی ناحکومیش دەبینین بیرۆکراتییەت و رۆتینێکی کوشندە هەیە، بەڵام سرووشتی کارەکەی ئێمە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان دەزانی ئەو کارانەی لە نێوخۆی بازاڕی عێراق دەکرێن کاری هەنووکەیین، بۆ نموونە ئەمڕۆ بڕیارێک دێت یان پێویستە بڕیارێک بدرێت پێویستە بڕیارەکە خێرابێت، ئێمە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان و ئەو کەشەی کاری تێدا دەکەین، هەر بڕیار یان هەر روونکردنەوەیەکمان بۆ بێت هەمیشە وەڵامدانەوەمان بۆی خێرایە، لەبەر ئەوە هەستیارییەک هەیە لە ئاڵوگۆڕی پشکەکان.
بەتایبەت بەلای پارێزگایەکی بیانییەوە کە وەبەرهێنەکانی مامەڵە لەگەڵ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەکەن وەکو لە یادمانە مامەڵە لە بازاڕەکەدا بەشێوەیەکی خێرایە، بەڵام بە هەمانشێوە کاتێک دەتەوێت پارە رەوانەی دەرەوە بکەیت بیرۆکراتییەت لە بانکەکان هەیە، هەندێکجاریش ناچار دەبیت بگەڕێیتەوە بۆ لایەنی دیکە و رەزامەندیی وەربگریت، هەموو ئەمانە وادەکەن لایەنێک لێکی بداتەوە ئەو کاتەی بەفیڕۆی دەدات لەگەڵ ئەو سوودەی دەیکات ئایا بەراستی سوودە یان نا، ئەمە هاوکێشەیەکە پێویستە هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان سەرنجیان لەسەری بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو رۆتینە کوشندەیە کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی عێراقە.
 
رووداو: ئێستا قەبارەی سەرمایە چەندە لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، یان بەهای ئەو پشکانە چەندە کە ئێستا دەستاودەست دەکەن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: دەستاودەستکردنی رۆژانە لە بازاڕ دەگۆڕێت لە رۆژێکەوە بۆ رۆژێکی دیکە هەندێک رۆژ 5 ملیار و هەندێک رۆژیش 10 ملیار دینار یان زیاترە، دەزانی کە ئەوە پشتدەبەستێت بە خواست وەبەرهێنەران بۆ گواستنەوە یان کڕین و فرۆشتنی پشک، ئەمە لەبارەی دەستاودەستی رۆژانە، ئێمە لە راستیدا نزیکەی 9 گیرفانی بیانیمان هەیە گەورەترینیان گیرفانی فوراتە کە وەبەرهێنان دەکات لە بازاڕی عێراق بە قەبارەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار، گیرفانی لەوەش بچووکتر هەن کە وەکو بەردی بناخەی بازاڕەکە وان چونکە وەکو دەزانن هەر کۆمپانیایەک لە بازاڕەکەدا کاربکات لەگەڵ خۆیدا ئاڵوگۆڕ و جوڵەی پارە دەهێنێت لە نێوخۆدا و لەنێو وەبەرهێنەرە نێوخۆییەکان.
 
رووداو: ئایا کۆمپانیای بیانی هەن لەناو بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: کۆمپانیا هەن کە هاتوونەتە ناوەوە، خاوەندارێتییەکەیان هاوبەشە، بۆ نموونە عێراقی و عەرەبین بۆ نموونە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، وەکو دەزانن کۆمپانیایەکە بەشێکی سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی فارووقە، هاوکات هاوبەشی عەرەبی هەیە کە کۆمپانیای ئۆریدۆری قەتەرییە، ئەوە پشکی هاوبەشە بۆ نموونە، لەنێوان کۆمپانیایەکی عەرەبی و کۆمپانیایەکی نێوخۆیی.. بە دڵنیایی ئێستا بۆ نموونە بانکێکی نوێ هەیە کە لەقۆناخی دروستکردندایە، بانکێکە بە سەرمایەیەکی عەرەبی دێتە بازاڕەکە و داواکاریی پێشکێش کردووە بۆ هاتنەناو بازاڕی کاخەزە داراییەکان.
 
رووداو: ئەگەر باسی پشکەکان بکەین لە بازاڕی عێراق، گرانترین و هەرزانترین پشکەکان کامانەن بۆ نموونە ئێستا؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: کەرتی پەیوەندیکردن، پشکی گەورەمان هەیە بۆ نموونە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر لەوانی دیکە، کۆمپانیای دیکە هەن پشکەکانی زیاترن، بەڵام خواستی کڕین و فرۆشتنیان لەسەر نییە، بۆ نموونە کۆمپانیا بانکییەکان بەهای پشکەکانیان بە بڕێکی زۆر دابەزیوە لەم دوو ساڵەی رابردوودا، پێموایە ئێستا لەگەڵ رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، بۆ زیادکردنی سەرمایە و یەکگرتنی کۆمپانیاکان رەنگە جووڵەیەک بخاتە ئەو بانکانەوە و بە دڵنیایی نرخیان بەرزببێتەوە.
 
رووداو: چۆن هاووڵاتیەکی عێراقی یان خاوەن کۆمپانیایەک بێتە نێو بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: زۆر بە سانایی کەسێک یان کۆمپانیایەک کەسێکی مەعنەوی یان نامەعنەوی پەیوەندی دەکات بە کۆمپانیای نێوەندگیر، کە کۆمپانیایەکی رێگەپێدراوە لەلایەن دەستەی کاخەزە داراییەکان، کۆمپانیا نێوەندیکارەکە بەڵگەنامە پێویستەکان وەردەگرێت لەگەڵ داوای کردنەوەی ژمارەی وەبەرهێنەر بۆ ناوەندی کارگێڕی لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، ئەوە لەماوەی 10 خوولەکدا ئامادە دەبێت، دوای ئەوە وەبەرهێنەر دەبێتە خاوەنی ژمارەی وەبەرهێنەر کە وەکو هەژمارێک وایە، هەژماری دەستاودەستکردن، تاوەکو بزانێت کاتێک پارە دەدات و پشک دەکڕێت بۆ نموونە کە ئەو پشکانە دەخرێنە هەژمارێکەوە کە ژمارەی وەبەرهێنەرەکەیە، لەبەر رۆشنایی ئەوە دەتوانن دەستبکەن بە دەستاودەستکردن لەرێگەی نێوەندگیرێکەوە. 
 
رووداو: هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت دەستاودەستکردن بکات، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە، دەتوانن دەستاودەستی پشک بکەن یان بەشدار بن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە حەز دەکەین بێن و زیاتر بن، هەربۆیە بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هاوکات بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ کردنەوەی لقێکی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە سلێمانی و گفتوگۆکانمان بەردەوامن لەوبارەیەوە.
 
رووداو: قازانجێکی باش هەیە لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئەمساڵ قازانجی زۆری تێدابوو بۆ وەبەرهێنەران، هەندێک کۆمپانیا و بانک هەبوون بەهای پشکەکانیان نزیکەی 900 فلس بوو، ئێستە گەیشتووەتە 3 دینار بۆ هەر پشکێک، هەموو سەوداکارانی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بە روونی هەست بەو گەشە خێرایە دەکەن بۆ بەرفراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان، بازاڕ هەمیشە دەرفەت دەڕەخسێنێت، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەیوەندی، بانک و هۆتێل تاوەکو دوایی..
 
رووداو: ئێوە ئێستا هەوڵدەدەن ئەو بازاڕە گەورە بکەن، بەڵام رەنگە دەیان ملیۆن دۆلار و رەنگە زیاتریش نازانم، دەبرێتە دەرەوەی عێراق لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەموو شارەکان بڵاوبوونەتەوە، لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش بە هەمانشێوە، بۆ بازاڕە جیهانییەکان، دەستاودەست لە رێگەی فۆرێکس و هیچ رێکارێکیش نییە، ناوبەناو دەبیستین ملیۆنەها دۆلار فەوتان، هاووڵاتی یان وەبەرهێنەریش نازانێت رووبکاتە کوێ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی، ئایا شێوازێک هەیە یان ئایا هیچ رێکارێک هەیە لە عێراق لەبارەی ئەوەی پەیوەندی بەو کۆمپانیایانە هەیە یان دەستاودەستکردن لە بازاڕە جیهانییەکان؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە، وەکو گوتت. هاووڵاتی هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بە گشتی کە دەبنە قوربانی ئەو کۆمپانیایانە، ئەو کۆمپانیایانە ئێمە ناڵێین هەموویان کۆمپانیای وەهمین یان کۆمپانیای تاوانبارن، بەڵام زۆرینەیان بەو جۆرەن، هەموویان بێ مۆڵەتی دەستەی کاخەزە داراییەکان کاردەکەن. ئەو بابەتە یەکەمجار لە ساڵی 2020 لەلایەن ئێمەوە بەرزکرایەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و داوامان کرد لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندن و رێگەپێدانی ئەم کۆمپانیایانە لەپێناو ئەوەی لانیکەم دەستەکە ببێتە جۆرێک لە گرێنتی بۆ ئەم پارانە لە ئەگەری خراپ بەکارهێنان، لیژنەکە پێکهێنرا بە سەرۆکایەتی من وەکو سەرۆکی دەستەکە و نوێنەرانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی تادوایی، دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە گەیشتینە کۆمەڵێک راسپاردە بۆ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران، راسپاردەکان لەلایەن ئەمیندارێتی گشتییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. ئێستا گەیشتووینەتە خاڵی کۆتایی کە پشتیوان بە خودا بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت، دەسەڵات و توانا دەداتە دەستەکەمان بۆ رێگەپێدان و چاودێریی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە لەپێناو ئەوەی گرەنتی هەبێت بۆ رێگەپێدانی ئەو کۆمپانیایانە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ.
لە چوارچێوەی یاساکەی ئێستای دەستە، رێگەدراوە کە ئەو مۆڵەتانە بدەین، بەڵام پێویستە بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە بدرێت تاوەکو رێگەمان پێبدات کارەکە بکەین.
 
رووداو: بە کورتی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کاردەکەن لە بواری فۆرێکس و ئاڵوگۆڕی جیهانی، کە ئێستا رادەگەیێندرێت مۆڵەتیان نییە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: بەهیچ شێوەیەک، هیچ گرێنتییەک نییە لە هیچ لایەنێکەوە تەنانەت لەلایەن خودی کۆمپانیاکەوە، خودی کۆمپانیاکەش گرێنتی هیچ وەبەرهێنانێک ناکات، ئێمە هەمیشە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان هاوئاهەنگی دەکەین لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن ناوبەناو کورتەنامە دەنێرین و هۆشداریی دەدەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە و لەسەر پەڕەی وێبسایتی دەستەکەشمان هەیە و لە هەموو دیدارەکانیشمان باس لە نەبوونی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانە دەکەین و بەرپرسیارێتی وەبەرهێنان لەو کۆمپانیایانە دەکەوێت ئەستۆی خودی خاوەنی پارەکە.
 
ساڵی 2018 یان 2019 بوو کۆمپانیایەک کە ئێمە سکاڵامان لەسەر تۆمارکرد بە نوێنەرایەتیی هاووڵاتییان، بەڵام وەکو تۆ گوتت خاوەنی کۆمپانیاکە ون بوو و چووە دەرەوەی عێراق.
 
رووداو: ئەگەر بڕیارەکە دەرچوو و ئێوە ئەو لایەنە بوون کە مۆڵەت دەدەن بەو کۆمپانیایانە، بابەتی گەرەنتی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان لێرەدا، ئەو گەرەنتییانە چۆن دەبن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: رێگەپێدان کۆمەڵێک مەرجی هەیە، یەکێک لەوانە مێژووی ئەو کۆمپانیایە و ئەزموونی لەو کارەدا، رێگەی گەیشتنی بە نێوەندگیریی لەنێوان وەبەرهێنی ناوخۆیی و بازاڕە دەرەکییەکان، واتا ئایا لە رێگەی نێوەندگیرێکی دیکەوە پێکیان دەگەیەنێت یان هێڵێکی راستەوخۆی هەیە، ئەوە جگە لە گەرەنتی دارایی داواکراو، ئێمە تاوکو ئێستا ژمارەکەمان دەستنیشان نەکردووە، یان چۆنێتی وردەکارییەکەی، ئایا گەرەنتییەکە بە پارەی کاش بێت یان لە رێگەی بانکی، هەرکات رێگەپێدانمان وەرگرت دەتوانین ئەو مەرجانە دەستنیشان بکەین و بە دڵنیایی ئەوکات رادەگەیەنرێت کە هەر کەسێک بیەوێت مۆڵەتەکە وەربگرێت دەبێت ئەو مەرجانەی تێدابێت، دواتر مۆڵەتی دەدرێتێ لەلایەن دەستەکەوە، کە دەبێتە جۆرێک لە گەرەنتی تا ئاستێک بۆ ئەمجۆرە وەبەرهێنانە و هەموو مەرجەکان روون دەبن بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەپێناو ئەوەی وەبەرهێن یان هاوڵاتیی زانیاریی هەبێت کە ئەم وەبەرهێنانە مۆڵەتپێدراو و یاساییە و گرێنتی گونجاوی تێدایە.
 
رووداو: بابەتی بەهای دۆلار و ناجێگیری، چۆن کاریگەریی دروستکردووە لەسەر بازاڕەکان؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئەمساڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان نرخەکەی جێگیربوو، نرخی دۆلار 
 
کاریگەریی نەرێنی هەبوو، لەکاتێکدا بەهای دیناری عێراقی بەرزبووەوە، بەلای وەبەرهێنەرانی بیانییەوە، لەبەرئەوەی وەکو دەزانن پارەکانیان بە دینار نایەت، ئەگەر بەهای دینار بەرزببێتەوە و جیاوازییەکە زۆر بێت رەنگە وەبەرهێنانەکانیان کەمبکەنەوە، ئەو رەنگدانەوەیە بە دڵنیایی رەنگدانەوەیەکی نەرێنی دەبێت لەسەر بازاڕ، بەڵام ئێستا نا، وەکو دەگوترێت ئەو شۆکەی تووشمان بوو کەمبووەتەوە بەراورد بە سەرەتا، جۆرێک لە سەقامگیریی پەیدا بووە، ئێستا بەرز و نزمییەکی کەم روودەدات، ئەوەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدان، ئەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەهای دراو لە وڵاتانی دیکەش نەک تەنیا لە عێراق، بەتایبەتی بەهای دراوەکان بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، رەنگە ئەوەش زیاتر بێت ئەگەر لێکەوتەی نوێ هەبێت لەو شەڕ و جەنگانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە کە رەنگە قەبارەی وەبەرهێنان کەمببێتەوە. پێموایە بەمنزیکانە ناسەقامگیریمان هەبێت لە بەهای دراودا، چونکە دەزانن کە کێشە هەیە لەم ناوچەیە بەتایبەت ئەگەر قەیرانی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵکشانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، رەنگە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە بە گشتیی دروستبکات، ئەم فاکتەرانە وادەکەن پێموابێت لە کاتێکی نزیکدا بەرز و نزمی رووبدات لە بەهای دراودا تاوەکو دۆخەکە هێوردەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی خۆی، کە بەهای دۆلار نزیکبێت لە نرخی فەرمی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی