رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەکی درێژە شانازی بەوەوە دەکات کە ملیاردێرە، هەرچەندە رۆژنامەڤانان، ژمێریاران و تەنانەت داواکاری گشتیی نیویۆرک گومانیان لە بڕی سامانەکەی هەبووە.
ئێستا بەپێی ئاشکراکردنی زانیارییە داراییەکانی، دەردەکەوێت کە سامانەکەی لە مانگەکانی سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، کە زۆرینەی بەهۆی وەبەرهێنانەکانیەتی لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان (کریپتۆ). ئەمەش وا دەکات پێشبینی بکرێت کە سامانەکەی ئێستا 10 ملیار دۆلار یان زیاتر بێت.
بەڵام زانینی بڕی وردی سامانەکەی کارێکی ئاسان نییە. بەشێکی لەبەر ئەوەی بزنسەکەی خێزانی ترەمپ کۆمپانیایەکی تایبەتە و زانیاریی کەمی دارایی ئاشکرا دەکات. هەروەها بەشێک لە سامانەکەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا هاوبەشە، ئەمەش جیاکردنەوەی پشکەکەی سەخت دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، زۆرینەی ئەم سامانە "لەسەر کاغەزە" و نەختینە نییە، واتا بۆ ئەوەی ببێتە پارەی کاش، پێویستە وەبەرهێنانەکانی بفرۆشێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بەمشێوەیە لەسەر سامانی ترەمپ نووسیویەتی:
1. دراوە ئەلیکترۆنییەکان: نزیکەی 7.1 ملیار دۆلا
ئەمە نوێترین و گەورەترین سەرچاوەی سامانی ترەمپە. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، ترەمپ بووەتە خاوەنی هەگبەیەکی گەورەی کریپتۆ.
میمکۆینی TRUMP
بەشی هەرەگەورەی سامانەکەی تەنیا 6 مانگ تەمەنیەتی و بریتییە لە میمکۆینێک بەناوی (TRUMP) کە تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا خستیەڕوو.
لە یەکی تەمموزدا، بەهای ئەو پشکانەی ترەمپ لەم دراوەدا نزیکەی 6.9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو دراوانەی هی ترەمپن، ئێستا ناتوانرێت مامەڵەیان پێوە بکرێت و هەر هەوڵێک بۆ فرۆشتنیان بە بڕێکی زۆر، دەبێتە هۆی داتەپینی نرخەکەی.
کۆمپانیای World Liberty Financial
ترەمپ لە رێگەی ئەم کۆمپانیایەوە داهاتێکی زۆری لە فرۆشتنی تۆکنە دیجیتاڵییەکەی خۆی بە ناوی WLFI بەدەستهێناوە. خێزانی ترەمپ پشکی 75%ـی داهاتی فرۆشتنی تۆکنەکانیان بەردەکەوێت.
بەپێی راپۆرتەکان، داهاتی خێزانەکەی لەم رێگەیەوە لەوانەیە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووبێت. هەروەها ترەمپ خۆی خاوەنی 15 ملیار تۆکنی WLFIـە، کە بەهایان بە نزیکەی 236 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
کۆی داهاتی پڕۆژەکانی کریپتۆ: لانیکەم 620 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2024ـەوە، کە بەشێکی لەگەڵ هاوبەشەکانیدا دابەشی دەکات.
2. پشک، بۆند و پارەی کاش: لانیکەم 2.2 ملیار دۆلار
دووەم گەورەترین سەرچاوەی سامانەکەی ترەمپ، پشکەکانیەتی لە کۆمپانیای میدیا و تەکنەلۆژیای ترەمپ (Trump Media & Technology Group) کە سەکۆی Truth Social بەڕێوەدەبات.
ترەمپ خاوەنی 115 ملیۆن پشکە لە کۆمپانیاکەدا، کە بەپێی نرخی ئێستای پشکەکان، بەهایان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە.
بەڵام ئەم بەهایە تەنیا تیۆرییە و "لەسەر کاغەزە" تاوەکو پشکەکانی نەفرۆشێت. بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە لە لووتکەدا پشکی ترەمپ نزیکەی 6 ملیار دۆلاری دەکرد.
جگە لەوەش، ترەمپ هەژمارێکی وەبەرهێنانی هەمەجۆری هەیە کە بەهای وردی دیار نییە، بەڵام ساڵی رابردوو لانیکەم 13 ملیۆن دۆلار قازانج و سوودی بۆ گەڕاندووەتەوە.
3. خانووبەرە و بزنسەکانی دیکە: لانیکەم 1.3 ملیار دۆلار
پێش ئەوەی ترەمپ بچێتە جیهانی کریپتۆوە، زۆرینەی سامانەکەی لە خانووبەرەوە بوو، وەک هۆتێل، باڵەخانەی نیشتەجێبوون، یاریگەی گۆڵف و تاوەری بازرگانی.
دیاریکردنی بەهای وردی موڵکەکانی کارێکی قورسە، بەڵام بەپێی دوایین ئاشکراکردنی دارایی، بەهای موڵکەکانی بە لانیکەم 1.3 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
ئەم سامانە داهاتیشی هەیە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2024دا، یانەی گۆڵفی Doral لە نزیک میامی 110 ملیۆن دۆلار و هاوینەهەواری Mar-a-Lago، 50 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە.
4. داهاتی مافی بەکارهێنان: لانیکەم 11 ملیۆن دۆلار لە 2024
ترەمپ ناوی خۆی لەسەر چەندین بەرهەمی جۆراوجۆر داناوە، وەک کاتژمێری زێڕ، گیتاری کارەبایی، کتێب، پێڵاو و تەنانەت ئینجیل. لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلاری لەم رێگەیەوە وەک مافی بەکارهێنان وەرگرتووە.
قەرز و پابەندییە داراییەکان: زیاتر لە 640 ملیۆن دۆلار.
قەرزی خانووبەرە: لانیکەم 100 ملیۆن دۆلار قەرزی لەسەر موڵکەکانی ماوە.
قەرزی حوکمە یاساییەکان: گەورەترین قەرزی ترەمپ پەیوەستە بە کێشە یاساییەکانییەوە. ئەمەش نزیکەی نیو ملیار دۆلار سزای نووسینگەی داواکاری گشتی و دوو داوای یاسایی لەلایەن نووسەر E. Jean Carroll لەخۆدەگرێت (کە کۆی گشتییان 88.3 ملیۆن دۆلارە). بەمەش کۆی گشتیی قەرزە یاساییەکانی دەگاتە 540 ملیۆن دۆلار لەگەڵ سوودەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ