رووداو دیجیتاڵ
دەروازە سنوورییەکانی نێوان باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری تورکیا و ئێران، بەڕووی هاتووچۆی رۆژانەدا داخران، تەنیا بارهەڵگرە بازرگانییەکان دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە و لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندراونەتەوە، لە هەندێک وڵاتیش دەروازە سنوورییەکان داخران.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هەر سێ دەروازە سنوورییەکەی نێوان باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕووی هاتووچۆی رۆژانەدا داخراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەروازەی سنووریی گۆربوڵاخ لە سنووری شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، دەروازەی سنووریی کاپیکۆی لە شارۆچکەی مەحموودیەی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان و دەروازەی سنووریی باژێرگە لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بە رووی هاتووچۆی رۆژانەی گەشتیاراندا بە دوولایەنە داخراون.
لە هەر سێ دەروازە سنوورییەکەدا تەنیا هاتووچۆی بارهەڵگرە بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی ئێران لە تورکیا و باکووری کوردستانن، لە رێگەی ئەو سێ دەروازەیەوە دەتوانن بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە لە ئێرانن، دەتوانن بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و تورکیا.
عومەر بۆڵات دەڵێ، تائێستا لە دەروازە سنوورییەکان هیچ دۆخێکی نائاسایی نییە و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و بۆ ئەگەری هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ