فارس عیسا: بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو 400 ملیار دینارەکە بۆ کوردستان بنێردرێت

03-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی کردنەوەی دوو هەژماری بانکی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیارە 400 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 200 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە و 200 ملیاری دیکەش لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
فارس عیسا لە بەغدا بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانیان لە بەغدا کۆتایی پێهێناوە و گرێبەستی ناردنی پارەکەیان تەواو کردووە، "هیچ نەماوە و تەنیا ماوە پارەکە بنێردرێت".
 
رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
 
ئەو بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە هات کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی کرد کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەت بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو پێشنازەی خستە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسند کرا. 
 
فارس عیسا باس لەوە دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیارە پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان. لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداش گوتی، لە دۆخێکی سەقامگیردایە و چەندین رێککەوتن لەنێوان هەردوولا کراوە.
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێیوایە رەنگە هەفتەی داهاتوو دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە تەواو ببێت و تێبینییەکان بۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بنێردرێت، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە