رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیدا، نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 4000 دۆلار و ئێستا بە نزیکەی 4012 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی بۆ نزیکەی 3960 دۆلار، بەڵام پاش چەند کاژێرێک ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و توانی ئاستی 4000 دۆلار بشکێنێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، نرخی زێڕ لەژێر گوشاردایە و ئەگەر نەتوانێت ئاستی 4050 دۆلار تێپەڕێنێت، چانسی خۆڕاستکردنەوە و بەرزبوونەوەی زیاتری نییە.
شرۆڤەکارانی سەر بە پلاتفۆڕمی (ئیکۆنۆمیز دۆت کۆم) پێیانوایە ئاستی 4050 ئاستێکی هەستیارە، بەوپێیەی نزیکە لە تێکڕای نرخی دوو مانگی رابردووی کانزای زەرد و ئەگەر ئەو ئاستە بە ئاسانی بەدەستبهێنێت، ئەوا ئەگەری زیاتر بەرزبوونەوەی هەیە. بەپێچەوانە نرخی زێر روو لە دابەزین دەکاتەوە.
سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە تایبەتی کاریگەی لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
جیرۆم پاوڵ لە گوتاری خۆیدا لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کاتی راگەیاندنی سوودی بانکی جەختی لەوە کردەوە، گەرەنتی نییە لە مانگی داهاتوویشدا سوودی بانکی کەم بکەنەوە.
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە یارمەتیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی داوە.
پێنوێنیی دۆلار ئەمڕۆ بەڕیژەی 0.1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا نزیکەی 99.57٪ ـە.
دابەزینی نرخی دۆلار، کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلاری ئەمریکی مامەڵە دەکەن هەرزانتر دەکات و ئەوەش خواستی بۆ زێڕ بەرزکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ