رووداو دیجیتاڵ
لە سەردانەکەی شەرع بۆ ئەڵمانیا، رێککەوتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کراوە بۆ زیادکردنی کارەبای سووریا. قەبارەی رێککەوتنەکان 7 ملیار دۆلارە.
محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا لە ئەڵمانیاوە رایگەیاند، "وەزارەتی وزە ژمارەیەک رێککەوتنی گەورەی واژۆ کردووە، دیارترینیان رێککەوتنێکە بۆ بەرهەمهێنانی 5000 مێگاوات، لەگەڵ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەی 'خۆر و با' بە توانای نزیکەی 4700 مێگاوات." ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ئامادەیییەکی بەرچاویان لەم پڕۆژانەدا هەبووە و لە پێش هەموویانەوە کۆمپانیای زیمنس."
رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بوو بۆ ئەڵمانیا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا چەند رێککەوتنێک بۆ بوژانەوەی کەرتی کارەبای سووریا واژۆ کراون.
لە سەردانەکەدا گرووپێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای UCCی قەتەری، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژییان لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بەهای نزیکەی 7 ملیار دۆلار.
پڕۆژەکە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی وزە، زیادکردنی کارەبا و هاندانی بووژانەوەی ئابوورییە لە سووریا.
هاوپەیمانێتییەکەی کۆمپانیاکان کە گرێبەستەکەیان واژۆکردووە لە لایەن کۆمپانیای 'یو سی سی کۆنسێشنس ئینڤێستمێنت'ـەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە کۆمپانیایەکی سەر بە گرووپی 'یو سی سی هۆڵدینگ'ـی قەتەرییە.
هەروەها کۆمپانیاکانی 'پاوەر ئینتەرناشناڵ یو ئێس ئەی ئێڵ ئێڵ سی'ـی ئەمریکی، 'کالیۆن جی ئی ئێس ئێنێرجی یاترملاری ئەی ئێس' و 'جەنگیز ئێنێرجی سان ڤە تیک ئەی ئێس'ـی تورکی و سێمینسی ئەڵمانی تێیدا بەشدارن.
بەشێک لە رێککەوتنەکان پێش دوو رۆژ لە دیمەشق واژۆکرابوون.
ئەو کۆمپانیایانە بەیەکەوە چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە گازی تۆرباین لە حومس، حەما، دێرەزوور دروستدەکەن، کە کۆی توانای بەرهەمهێنانیان 4,000 مێگاواتە، هەروەها وێستگەیەکی وزەی خۆر بە توانای 1,000 مێگاوات لە ناوچەی 'ویدیان رەبیع' لە باشووری سووریا دادەمەزرێنن.
چاوەڕوان دەکرێت کارەکانی پڕۆژەکە دوای رێککەوتنی کۆتایی و دابینکردنی پارەی پێویست دەستپێبکات، بڕیارە وێستگە گازییەکان لە ماوەی سێ ساڵدا و وێستگەکەی وزەی خۆریش لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێن.
تورکیا لەم دواییانەدا لەگەڵ سووریا رێککەوتوون ساڵانە نزیکەی 2 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ سووریا دابینبکات، هەروەها دەستیکردووە بە هەناردەکردنی هەزار مێگاوات کارەبا بۆ وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ