رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، پرۆسەی گۆڕینی دراو بەپێی پلانە هونەری و کارگێڕییە پەسندکراوەکان بەردەوامە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ خستنەبازاڕی دراوە نوێیەکە دانرابێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە گوایە رۆژی 8ـی ئەم مانگە وەک وادەی خستنەبازاڕی دراوی نوێی لیرەی سووری دیاری کرابێت، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە رایگەیاند ئەو دەنگۆیانە "دوورن لە راستییەوە". داواشی لە هاووڵاتییان کرد تەنیا پشت بە راگەیێندراوە فەرمییەکانی ئەوان ببەستن.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە هاوکات بوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کە بەشێک لە پەیجە نافەرمییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دراوە نوێیەکە لەو رۆژەدا دەخرێتە بازاڕەوە.
پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، بانکی ناوەندیی سووریا وردەکاریی دراوە نوێیەکەی ئاشکرا کردبوو کە لە شەش یەکەی نوێ پێکهاتووە و دیزاینەکەی بەتەواوی جیاوازە، بەشێوەیەک وێنە و هێماکانی سەر دراوە کۆنەکە لابراون.
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاندبوو، دەرکردنی دراوی نوێ ئامرازێکی کاریگەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و سەقامگیریی نرخەکان.
بە گوتەی حەسریە، لابردنی سفرەکان لە دراوی نوێدا دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە مامەڵە رۆژانەکان و گەڕاندنەوەی متمانە بە لیرەی سووری، ئەوەش دوای ساڵانێک لە هەڵاوسانی ئابووری و ناسەقامگیریی دراو لەو وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ