رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی کارکردنی وێستگەکانی سووتەمەنیی سەر بە کۆمپانیای لوک ئۆیلی لە دەرەوەی رووسیا درێژکردنەوە و بەشێک لە سزاکانی لەسەر کۆمپانیا رووسییەکە هەڵپەساردن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، وێستگەکانی لوک ئۆیل لە وڵاتانی وەک ئەمریکا دەتوانن بەردەوام بن لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و کارکردن، بەڵام هاوکات رێگری دەکرێت لەوەی پارە و داهاتەکەی بۆ رووسیا بنێردرێتەوە، لەبەر ئەوەی مۆسکۆ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە، لەژێر سزای تووندی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادایە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆکاری درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە دەیانەوێت "زیانەکان بۆ بەکاربەران و دابینکاران کەمبکەنەوە کە دەیانەوێت مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ ئەو وێستگانەدا بکەن."
ئەم بڕیارەی گەنجینەی ئەمریکا بەشێک لەو سزایانە رادەگرێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێندرابوون.
پێشتر ترەمپ لە هەنگاوێکی دەگمەندا بۆ گوشارخستنە سەر مۆسکۆ، سزای خستە سەر هەردوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی رووسی لوک ئۆیل و رۆسنەفت، کە لە 21ـی تشرینی دووەمی رابردوو سزاکان چوونە واری جێبەجێکردنەوە
.
ئەو سزایانە بە بەهێزترین هەنگاوەکانی ترەمپ دژی رووسیا دادەنران و بوونە هۆی ئەوەی کڕیارانی نەوتی رووسیا بەپەلە بەدوای دابینکەری جێگرەوەدا بگەڕێن.
لابردنی ئەم سزایانە لەسەر لوک ئۆیل لە هەمان هەفتەدا دێت کە شاندێکی دانوستاندنکاری کۆشکی سپی لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنی رێککەوتنێکی ئەمریکی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی رابردوو بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی رووسیا پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بۆ دواخستن و سستکردنی سزاکان بەکاربهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ