رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، داهاتەکانیان لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 زیاتر بووە لە 137 ملیار دینار، پێشبینیش دەکەن لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتریش بێت.
رۆژی چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، داهاتی گومرگ لە مانگی کانوونی یەکەم گەیشتووەتە "بەرزترین ئاست" و 137 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
دەستەکە ئەو زیادبوونەی بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵى، تایبەت بە پێناسی نوێی گومرگ، ئاسانکاریی بازرگانی و پاراستنی داهات.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، پێناسی نوێی گومرگ لە نێوان 5% بۆ 30% دەبێت و بڕی پارەی گومرگی هەندێک لە کاڵاکان زیاد کراوە، لەپێناو زیادبوونی داهاتی نانەوتی.
ئەو روونکردنەوەیەی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارێک بوو لەلایەن نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی، کە تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو، رێکارە نوێیەکانی گومرگ بڕی داهاتی گومرگی بە رێژەی 52% کەم کردووەتەوە.
نەبیل مەرسوومی بە رووداوی راگەیاند: رێکاری نوێی گومرگی وایکردووە، بازرگانان سڵ لە هاوردەکردنی کاڵا بکەنەوە و 52 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی بەسرە ماونەتەوە، کە بەهۆی زۆریی گومرگ و سزای پێبژاردنی دواکەوتنیان، لە بەهای خودی کاڵاکان زیاترە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، پێشتر دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاندبوو، داهاتی مانگانەیان بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە 208 ملیار دینار، بەڵام ئێستا 71 ملیار دینار کەمی کردووە.
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دان بەوەدا دەنێت، پاشەکشێیەکی سنووردار هەبووە بۆ هاوردەکردن لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە، بەڵام هەنگاوەکە ئەنجامی ئەرێنی هەبووە و پێشبینی دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا داهاتی گومرگ زیاتر بێت، لە دوای ئەوەی کە گومرگی تۆمارکراو لە نێو سیستەمی ئەسیکۆدا بە رێژەی 25% کەم کرایەوە.
ئەو بڕیارە لە 1ی شوباتی 2026، بە نووسراوێکی فەرمی لەلایەن سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراقەوە ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرابوو.
ئامانج لەو کەمکردنەوەیەی گومرگ ئەوەیە هانی بازرگانان بدرێت بارەکانیان لە بەندەرەکانی بەسرە دەرباز بکەن، بەهۆی زۆریی گومرگیانەوە کەڵەکە ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ