رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی رادەستکردنی نەوت و داهات و مووچە وەستاون، بە گوتەی ئەو هۆکارەکەشی ئەوەیە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناتوانن 230 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا بکەن.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، زانیارییان هەیە گفتوگۆکانی شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پچڕاون و "شاندی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی داهاتی نێوخۆ واژۆ بکەن و داوایان کردووە حکومەتی عێراق وادەی دوو مانگیان بداتێ بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتەکان، بەڵام "بەرپرسانی عێراق رەتیانکردووەتەوە هەڵسەنگاندنی داهاتە نێوخۆییەکان پێویستی بە دوو مانگ بێت".
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەکرد، زانیارییان لە سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکان دەستکەوتووە، کە ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 190 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و بەشی زۆری کێڵگە نەوتییەکان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانیان بەرنەکەوتووە.
عەلی حەمەساڵح، نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی بە "تاوان" ناوبرد و گوتی: "حکومەتی عێراق ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەر گرفتێکی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەیە دەتوانێت رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، نەوەکو راگرتنی مووچە و برسیکردنی مووچەخۆران".
"داهاتی باشماخ و پەروێزخان"
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست باسی لە کەمبوونەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی قاچاخییەوە کرد و نموونەی بە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان هێنایەوە، کە داهاتیان تەنانەت لە فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاریی کەمترە و گوتی: "ئێستا داهاتی کارەبای سلێمانی لە داهاتی مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ زیاترە، بەهۆی ئەو قاچاخییە زۆرەی لە خاڵە سنوورییەکان دەکرێن و داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پێویستە هەرێمی کوردستان مانگانە نیوەی داهاتی نێوخۆ رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات".
بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کە لە نێوەراستی مانگی تەمموز کرا و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نێوخۆ بداتە بەغدا.
رێککەوتنەکە لەبارەی دوو دۆسیە بەمجۆرە داڕێژراوە:
یەکەم: دۆسیەی نەوت
- حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە هەناردەکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە، سەرەڕای ئەو زیادەیەی کە لە داهاتوودا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوە بەدەست دێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.
- بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێدانی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە بدات. لە کاتی پێویستبوونی هەرێمدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک بەرهەمی نەوتی بۆ دابین دەکات کە هاوتای پاڵاوتنی 15 بەرمیل بێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پێداویستیی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان هەڵدەسەنگێنێت، بەمەبەستی تەرخانکردنی و لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بەرز دەکاتەوە.
دووەم: دۆسیەی داهاتی نانەوتی
- حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.
- تیمێکی کار لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی وردبینیکردنی داهاتی نانەوتی و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لێی، لە ماوەی مانگێکدا وەک دوا وادە و کاری پێدەکرێت.
- وەزارەتی دارایی دەستبەجێ دەست دەکات بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران و مانگەکانی دواتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ