پسپۆڕێک: ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ و زیو هەیە

04-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
زێڕ و زیو
زێڕ و زیو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێ، ئاستی 41 بۆ 43 دۆلار بۆ زیو و 3650 بۆ 3700 دۆلار بۆ زێڕ زۆر گونجاوە بۆ کڕین و ئەگەری دابەزینیان بۆ ئەو ئاستە هەیە.

د. هەرێم رێبوار، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی زیو شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام لە دۆخی ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێک کە دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی پێوەبکرێ.
 
لە یەک مانگی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 7 دۆلار بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی هەفتانەش، 7 هەفتەی لەسەریەکە بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنێت. 
 
ئەمڕۆش ئۆنسەیەک زیو یەک دۆلار بەرز بووەوە و گەیشتە 47.99 دۆلار.
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "ئەگەر هەیە نرخی زیو بگاتە 51 بۆ 52 دۆلار و لەو باوەڕەدام کە بەبێ خۆڕاستکردنەوە ئەو ئاستە ببینێت. بەڵام لەو ئاستەوە دەکرێت خۆڕاستکردنەوەیەک ببینێت کە دەکرێ 15٪ دابەزێت".
 
خۆڕاستکردنەوە کاتێک روودەدات کە نرخی کاڵایەک زۆر بەرزدەبێتەوە و ئەو کەسانەی لە قازانجن، دەیفرۆشن، بەوەش خستنەڕوو لە بازاڕدا زۆر دەبێت و نرخەکەی بە ئاستێکی دیاریکراو و سنووردار دادەبەزێت. ئەمە لە دۆخی دابەزینیش بەپێچەوانەوە راستە.
 
د. هەرێم رێبوار پێیوایە لە ئەگەری دابەزیندا "دوور نییە نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ 41 بۆ 43 دۆلار دابەزێ. ئەوکاتە، کاتێکی گونجاو دەبێت بۆ کڕینی زیو و دەکرێ بگاتەوە 50 دۆلار دوای ئەو ئاستە".
 
قسەکانی ئەو پسپۆڕە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی رۆژی شەممەی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، هەرچەندە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زیو هەیە، بەڵام "ئێستا کاتێکی زۆر گونجاو نییە بۆ کڕینی زیو، چونکە چاوەڕێی دابەزینی نرخەکە دەکەین و ئێستا نرخەکەی لە ناوچەیەکی بەرگرییە".
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئەگەر ئێستا زیویش بکڕدرێ، قازانجەکەی کەم دەبێت.
 
"زێڕ پێویستی بە خۆڕاستکردنەوەیە"
 
بەشێکی دیکەی قسەکانی د. هەرێم رێبوار تایبەت بوو بە زێڕ و پێیوایە زێڕ دەبێت دابەزینێک بکات، پاشان زیاتر بەرزببێتەوە.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 127 دۆلار گران بووە و ئێستا بە 3886 دۆلارە. حەوت هەفتەی لەسەریەکە بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنێت.
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، نائارامیی دۆخی ئابووریی ئەمریکا و جیهان، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە؛ هەروەها بانکە ناوەندییەکانی جیهانیش زێڕێکی زۆر دەکڕن.
 
د. هەرێم، بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی بە نموونە دەهێنێتەوە کە خەریکە 20٪ـی سەرمایەکەی دەکاتە زێڕ. هۆکارەکەشی ئەوەیە ترس و نادڵنیایی لە دۆخی ئابووریی جیهان هەیە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە نرخی زێڕ بە ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا خواست لەسەری زۆرە و بە قەبارە و مامەڵەی گەورە دەکڕدرێ، بۆیە هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە.
 
بە بڕوای د. هەرێم رێبوار، باشترین کات بۆ کڕینی زێڕ ئەو کاتەیە کە نرخەکەی دابەزێتەوە بۆ 3650 بۆ 3700 دۆلار. 
 
ئەو پسپۆڕە پێیوایە، زێڕ لە رووی تەکنیکییەوە پێویستی بە خۆڕاستکردنەوەیەک هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئاستێک کە کڕیار بە تواناوە بگەڕێنەوە بازاڕ. ئەو ئاستەش 3650 بۆ 3700 دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 62 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی چوارشەممە دابەزی. یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 62 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.