کۆنسوڵخانەی چین: گوێ لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو دەگرین و زانیارییەکانی بۆ وەزارەتی دەرەوە دەنێرین

06-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، بە سەرۆکایەتی زوو دیمەن، کونسوڵی ئابووری و بازرگانی، سەردانی نووسینگەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداویان کرد. 
 
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ دێسکی ئابووریی رووداو، گفتوگۆیەکی چڕ کرا دەربارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی دەستپێشخەریی "یەک پشتێنە، یەک رێگا" و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی گومرگە نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق.
 
شاندەکە کە پێکهاتبوو لە زوو دیمەن و تانگ یان، بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسوڵخانە، ئامانجی سەردانەکەیان بە "پێدانی زانیاریی ورد دەربارەی پلان و کارەکانی حکومەتی چین لە هەرێمی کوردستان" بە تیمی ئابووریی رووداو وەسف کرد.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، زوو دیمەن جەختی لەسەر گرنگیی رۆڵی رووداو کردەوە و رایگەیاند: "ئێمە رۆژانە لەڕێگەی بووڵتەنی ئابووریی رووداوەوە چاودێریی پێشهاتە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەو زانیارییانە لە چوارچێوەی راپۆرتی تایبەتدا ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی چین دەکەینەوە."
 
رووداو وەکو تاکە میدیای کوردستان و عێراق نووسینگەی لە چین هەیە. شاندەکە ستایشی رۆڵی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداویان لە چین کرد و بە کارەکتەرێکی گرنگیان ناوبرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکاندا.
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، دەستپێشخەریی ستراتیژیی "یەک پشتێنە، یەک رێگا" بوو. شاندە چینییەکە ئاشکرایان کرد کە لە ساڵی 2014 دا، حکومەتی چین و حکومەتی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، کە بەهۆیەوە عێراق بە فەرمی بووەتە بەشێک لەم دەستپێشخەرییە گەورەیە. ئەمەش دەرگە لەبەردەم عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکاتەوە بۆ داواکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخانی ئابووری.

 

زوو دیمەن دووپاتی کردەوە: "ئێمە بە یەک چاو سەیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەین، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکی تەکنیکی و راوێژکارین بۆ هەر پڕۆژەیەک کە خزمەت بە گەشەپێدان بکات."
 
جگە لە بواری ئابووری، شاندەکە ئاماژەی بە وەبەرهێنانی کولتووریی چین لە هەرێمی کوردستان کرد و رایانگەیاند، کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان کە تاکە بەشە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، نموونەیەکە لە گرنگیدانیان بە پەیوەندییە کولتوورییەکان و پاڵپشتیی دارایی تەواوی ئەو بەشەش دەکەن.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندە چینییەکە پرسیاریان لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو پێناسە گومرگییە نوێیانەی ئەمریکا کرد کە بڕیارە لەسەر هەندێک کاڵای عێراقی بسەپێنرێت. لە وەڵامدا، دێسکی ئابووریی رووداو روونکردنەوەی پێویستیان پێشکەش کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە بەهۆی ئەوەی هەناردەی سەرەکیی عێراق بۆ ئەمریکا نەوتی خاوە و ئەم کەرتەش لەو باجە بەخشراوە، پێشبینی ناکرێت پێناسە گومرگییەکە کاریگەرییەکی گەورە یان شۆکێکی لەناکاوی لەسەر ئابووریی عێراق هەبێت.
 
لە کۆبوونەوەکە دێسکی ئابووریی رووداو ئاماژەیان بە توانای باڵای دانوستانی شاندی چین بە سەرۆکایەتیی هی لی فێنگ، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەمریکا کرد کە توانیان رێگری لە شەڕێکی بازرگانیی فراوانتر بگرن و بازاڕەکان لە شڵەژان بپارێزن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەی ئێستای دراوەکە

چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت

کۆتایی ئەم هەفتەیە چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت و سێ مانگ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی لیرەی کۆن و گۆڕینی بە چاپە نوێیەکە.