پسپۆڕێکی دارایی: دەکرێت 100 دۆلار ببێتە 100 هەزار دینار

06-08-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
د. سەفوان قوسەی، پسپۆڕی دارایی عێراقی.
د. سەفوان قوسەی، پسپۆڕی دارایی عێراقی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی دارایی دەڵێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی دینار زیاترە وەک لە دابەزینی، بە ئەگەری زۆرەوە 100 دۆلار لە خوار 140 هەزار دینار جێگیر دەبێت.
 
د. سەفوان قوسەی، پسپۆڕی دارایی عێراقی گوتی، "روونە کە دابەزینێک لە نرخی دۆلاردا هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئەمەش لە ئەنجامی تێکچوونی سیستمی بازرگانیی جیهانی و سەپاندنی پێناسی گومرگیی نوێ لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی دۆلار نزیکەی 8% دابەزیوە و هەوڵێکیش هەیە بۆ رووکردنە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام."
 
بەگوتەی د. سەفوان قوسەی، پێشبینی دەکرێت بانکی فیدراڵیی ئەمریکا رێژەی سوود کەمبکاتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی دابەزینی زیاتری نرخی دۆلار. دەشڵێت، "ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی هەبووە و وایکردووە فرۆشتنی دۆلار و کڕینی دینار زیاد بکات."
 
ئەو پسپۆڕە داراییە پێیوایە نرخی دینار بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە و دەڵێت، "بەپێی پێشبینییەکانم، دینار بە شێوەیەکی پلەبەندی باشتر دەبێت، تاوەکو دەگاتە نرخێک کە لەوانەیە نزیک ببینەوە لە 1350 دینار [100 دۆلار بەرامبەر بە 135 هەزار دینار]. 
 
دەشڵێت، بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە زیادکردنی یەدەگەکانی و رێکخستنی بازرگانیی ناوخۆ. هەروەها پڕۆژەکانی حکومەت وەک خۆماڵیکردنی پیشەسازیی دەرمان و راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، دیدگایەکی ئەرێنی دروست دەکەن."
 
د. سەفوان قوسەی ئاماژە بەوە دەکات بانکی ناوەندی دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگری لە نرخی فەرمیی دینار بەرامبەر دۆلار بکات و دەڵێت، "ستراتیژییەتێک هەیە کە رەنگە دواتر دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ دیناری عێراقی بکرێت، بەجۆرێک یەک دۆلار ببێتە 1000 دینار."
 
ئەو پێیوایە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و رێگریکردن لەو کەسانەی یاری بە نرخی دینار و دۆلار دەکەن، هەنگاوی گرنگن بۆ بەهێزکردنی دینار.
 
قسەکانی ئەو پسپۆڕە لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی کرد.
 
د. سەفوان قوسەی جەخت لە گرنگیی رۆڵی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەگەر سەرکەوتوو بین لەوەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بازرگانانی ناوچە رزگارکراوەکان وەک موسڵ و ئەنبار بهێنینە نێو سیستمی داراییەوە، ئەوا خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی نافەرمیدا کەم دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ نرخی 1350 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار [100 دۆلار بەرامبەر بە 135 هەزار دینار].
 
ئەو پسپۆڕە داوا لە بانکی ناوەندی دەکات "بە زووترین کات" خۆی بەڕووی ئەم سیستمە ئابوورییەدا بکاتەوە.
 
سەبارەت بەو نرخەی لە بازاڕەکاندا هەیە، د. سەفوان ئاماژە بەوە دەکات، "بەپێی یاسا، بانکەکان دۆلار بە 1310 دەکڕن و دەبێت بە 1320 بیفرۆشنەوە، بەڵام وا دیارە بەشێک لە بانکەکان پابەند نین و دەستحەقی زیادە دەخەنە سەر بازرگانان کە رەنگە نرخەکە بگەیێنێتە 1370. 
 
د. سەفوان داوا لە بانکی ناوەندی دەکات "رێگە نەدات بازرگان باجێکی لەو جۆرە بدات، چونکە ئەمە تێچووی هاوردەکردن زیاد دەکات و لەسەر شانی هاووڵاتی حیساب دەکرێت."
 
ئەو پسپۆڕە داراییە چەند پێشنیازێک دەخاتەڕوو، لەوانە دامەزراندنی نووسینگەی کۆمپانیا جیهانییەکان لە بەغدا بۆ فرۆشتنی کاڵاکانیان بە دیناری عێراقی و رێکخستنی بازرگانە بچووکەکان لە چوارچێوەی گرێبەستی گەورەتردا بۆ کەمکردنەوەی تێچوو.
 
ناوەڕاستی مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە سێ ساڵ، نرخی 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 140 هەزار دینار دابەزی و ئاستی 138 هەزار دیناریشی تۆمارکرد.
 
بڕیاری حکومەتی عیراق لەسەر قەدەخەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵە و کڕینە گەورەکاندا لە بازاڕی نێوخۆ، بەتایبەتی لە کەرتی خانووبەرە و کەلوپەلی گرانبەهادا، رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە گەڕاندنەوەی خواست بۆ سەر دینار. 
 
لە هەمان کاتدا، ئەو کۆمپانیایانەی کە پێشتر پشتیان بە مەزاتی رۆژانەی دۆلاری بانکی ناوەندی دەبەست، ئێستا دەبێت پارەی ئەو کاڵایانەی هاوردەی دەکەن، لەڕێگەی بانکە نێوەندگیرەکان (correspondent banks) بگوازنەوە بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، ئەمە رێگری کردووە لە بازرگانان و دەڵاڵانی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا کە پێشتر دەستی باڵایان لە حەواڵەکردنی پارەی بازرگاناندا هەبوو.
 
د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەو بارەیەوە پێیوایە، "بریاردان لەسەر رێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دینار چیدیکە لە دەستی دەڵاڵان و بازرگاناندا نییە. حکومەت سەرئەنجام دەستیکردووە بە دانانی یاسا و رێسا و بازاڕیش کاردانەوەی ئەرێنی پێشانداوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەی ئێستای دراوەکە

چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت

کۆتایی ئەم هەفتەیە چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت و سێ مانگ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی لیرەی کۆن و گۆڕینی بە چاپە نوێیەکە.